ده‌قى وتارى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمى واژۆكردنى گرێبه‌ستى دیزاینى كه‌مپى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین

هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن، به‌سه‌ر چاو..
به‌خێرهاتنى هه‌موو ئه‌و میوانه به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه ته‌شریفیان هێناوه بۆ ئه‌م ڕێوڕه‌سمه. به‌خێرهاتنى ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌م كه ڕێگه‌یه‌كى دوور له ئه‌تلانتاوه هاتوون بۆ كوردستان، به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
بۆ خۆم وه‌ك كه‌سێك و بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش به هه‌موو مانایه‌كه‌وه ئه‌مڕۆ ڕۆژێكى مێژوویى یه. ئه‌مڕۆ لێره كۆبووینه‌ته‌وه بۆ واژۆكردنى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى كه چه‌ندین ساڵه هه‌موومان پێكه‌وه خه‌ونى ئه‌وه‌مان بینیوه و زۆر و كه‌میش كارمان له‌سه‌ر كردووه بۆ ئه‌وه‌ى بێته دى.
به‌ڕێز د. ئه‌حمه‌د دزه‌یى سه‌رۆكى زانكۆش له ده‌سپێكى قسه‌كانیدا گوتى: ئه‌مه خه‌ونێك بوو، به ڕاستیش وایه. ئێمه هه‌ر له كابینه‌ى پێنجه‌مه‌وه خه‌ریكى ئه‌م پڕۆژه‌یه بووین بۆ ئه‌وه‌ى بگاته قۆناغێك كه هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك شایسته‌ى ئه‌وه‌یه كه‌مپێكى زانكۆى زۆر ڕێكوپێكى هه‌بێت تا قوتابیان و خوێندكارنمان له كه‌شوهه‌وایه‌كى باش و به شێوه‌یه‌كى ڕێك‌وپێك بتوانن به‌رده‌وامى به خوێندنى خۆیان بده‌ن. زۆر به‌داخه‌وه هه‌ندێك له‌و بینایاتانه‌ى كه ئێستا ده‌وامى تیادا ده‌كه‌ن و وانه‌ى تیادا ده‌خوێنن، به ڕاستى به‌پێى هه‌موو ستاندارتێكى نێوده‌وڵه‌تى شایسته‌ى ئه‌وه نیه خوێندكارانى ئێمه تیایاندا خونێدن به‌سه‌ر ببه‌ن.
بۆ من وه‌ك كه‌سێكیش هه‌ر له كابینه‌ى پێنجه‌مه‌وه ئه‌مه‌یان خه‌ونى من بووه، زۆر جاریش له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌را و گفتوگۆم دروست كردووه، ئه‌مه ڕاستیه‌كه. زۆر جاریش دواكه‌وتنه‌كه زۆره‌كه‌ى؛ كاریگه‌رى له‌سه‌رم هه‌بووه.
خۆشحاڵم كه بۆردێكمان بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه به سه‌رپه‌شتیى به‌ڕێز كامه‌ران ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه؛ دانا. ده‌ستنیشانكردنى به‌ڕێزیان بۆ ئه‌م كاره، له‌و ئه‌زموونه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ئه‌و به‌ر له زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، له زانكۆى سلێمانى ده‌ستى پێكرد و هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌و زانكۆیه‌ش به فه‌رمى ده‌كه‌ینه‌وه، كه به ڕاستى جێى شانازییه بۆ هه‌موو گه‌لى كوردستان و به تایبه‌تیش بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
| نێچیرڤان بارزانى: زۆر ئاسانه له ئاینده‌دا بتوانین هاى وه‌ى دروست بكه‌ین، زۆر ئاسانه بتوانین هۆتێلى گه‌وره دروست بكه‌ین، زۆر ئاسانه بتوانین پڕۆژه‌ى گه‌وره دروست بكه‌ین، به‌ڵام بۆ ملله‌تێكى وه‌ك ئێمه خوێندن له هه‌موو شتێك گرنگتر و له‌پێشتره |
ئه‌وه‌ش یه‌كێك له‌و پڕۆژانه بووه كه پێشتر كێشه‌ى هه‌بووه، له كابینه‌ى شه‌شه‌مه‌وه به سه‌رپه‌رشتیى به‌ڕێز وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه بۆردێكى بۆ دروست كراوه و ئه‌و كاره به شێوه‌یه‌كى زۆر ڕێك‌وپێك ئه‌نجام درا. هه‌ر خۆشم بیرم له‌وه كرده‌وه كه ئێمه هه‌وڵ بده‌ین هاوشێوه‌ى هه‌مان ئه‌و كاره باشه‌ى له سلێمانى كراوه، له هه‌ولێریش بكه‌ین.
بێگومان كه‌مپى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین له ڕووى قه‌باره و بینا و تێچووى پڕۆژه‌كه‌وه؛ له‌وه‌ى سلێمانى گه‌وره‌تره، به‌ڵام هیوادارم ئه‌مڕۆ كه ئه‌م گرێبه‌سته له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه واژۆ ده‌كرێت، سه‌ره‌تایه‌ك بێت، هه‌موو ڕێگه‌یه‌كى دووریش له هه‌نگاوى یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات. به ڕاستى بودجه‌یه‌كى زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جددین بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بتوانین بودجه‌ى بۆ دابین بكه‌ین و وه‌ك به‌ڕێز سه‌رۆكى زانكۆ باسى كرد، هیوادارین ئه‌و شه‌ره‌فه‌مان هه‌بێت له ئاینده‌دا بتوانین له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى ئه‌و زانكۆیه‌دا بۆ خوێندكارانى خۆشه‌ویستى كوردستان، به‌شدار بین.
ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر خاڵێك بكه‌مه‌وه كه ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌رۆشین بۆ ئه‌وه‌ى سیسته‌مى خوێندن؛ سیسته‌مێكى ڕێك‌وپێك بێت بۆ قوتابیانمان. ئێمه ووڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ندمان هه‌یه، نه‌ك ته‌نیا له ڕووى مرۆیى، له ڕووى سه‌رچاوه‌ى سروشتیشه‌وه هه‌موو شتێكمان هه‌یه، زۆر ئاسانه له ئاینده‌دا بتوانین هاى وه‌ى دروست بكه‌ین، زۆر ئاسانه بتوانین هۆتێلى گه‌وره دروست بكه‌ین، زۆر ئاسانه بتوانین پڕۆژه‌ى گه‌وره دروست بكه‌ین، به‌ڵام بۆ ملله‌تێكى وه‌ك ئێمه خوێندن له هه‌موو شتێك گرنگتر و له‌پێشتره.
سیسته‌مى خوێندن بۆ ملله‌تێكى وه‌ك كورد له هه‌مووى گرنگتره. پێویسته له خوێندنه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌و چاكسازیه‌ى له ووڵاتێك ده‌كرێت؛ به شێوه‌یه‌كى گشتى بنه‌ماى سه‌ره‌كى له خوێندن ده‌ستپێده‌كات. ئه‌گه‌ر توانیمان سیسته‌مى خوێندن له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه؛ هه‌ر له ده‌ستپێكردن هه‌تا ده‌گاته زانكۆ؛ سیسته‌مێكى هاوچه‌رخ و ڕێك‌وپێك بێت و له‌گه‌ڵ پێداویستیى هه‌رێمى كوردستاندا بگونجێت، ئه‌وسا ده‌توانین به خۆمان بڵێین ملله‌ت و ووڵاتێكى سه‌ركه‌وتووین.
ئه‌و وڵاتانه‌ى كه گۆڕینى گه‌وره‌یان لێ دروست بووه، له خوێندنه‌وه ده‌ستیان پێكردووه، نموونه‌یه‌ك له‌سه‌ر كۆریاى باشوور ده‌هێنمه‌وه، چونكه زۆر سه‌ردانى ئه‌و ووڵاته‌م كردووه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆریادا هه‌یه. كۆرییه‌كان له ڕووى سامانه سروشتییه‌كانه‌وه شتێكى وایان نیه، پێشتر ووڵاتێكى زۆر به كێشه‌ش بووه، كه چاكسازییان له خوێندندا كرد، كه ده‌سیان به‌وه كرد سیسته‌مى خوێندیان بگۆڕن، ئه‌مڕۆ ئابووریى ئه‌و ووڵاته یه‌كێكه له ئابوورییه هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانى دنیا.
بۆیه لێره‌وه ده‌ڵێم دروستكردنى ئه‌م كه‌مپه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نیه بیناى جوانمان هه‌بێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه نیه كه‌مپێكى ڕێكوپێكمان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌مانه كه ده‌بێ سیسته‌مه‌كه‌ش به هه‌مان شێوه وه‌ك جوانیى ئه‌م بینایانه بێت، ده‌بێ خوێندكاران زۆر به په‌رۆشه‌وه گرنگى به خوێندنى خۆیان بده‌ن، ده‌بێ سیسته‌مێك بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆى دنیادا بگونجێت، قوتابیان و خوێندكارانمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌بێ له كه‌شوهه‌وایه‌كى وادا ده‌ست به خوێندن بكه‌ن كه ئه‌و بوارانه‌ى هه‌ڵیده‌بژێرن له خزمه‌تى ئه‌م ووڵاته‌دا بێت.
زۆر جار پاره‌یه‌كى زۆر خه‌رج ده‌كرێت، ئیمكانیاتێكى یه‌كجار زۆر له حكوومه‌ت خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌بێ یه‌كه‌م شت ده‌ستنیشانى ئه‌و بوارنه بكه‌ین كه به ڕاستى پێویستیمان پێیه‌تى. ئه‌گه‌ر توانیمان ئه‌و بوارانه‌ى بۆ پێشكه‌وتنى ووڵاته‌كه‌مان پێویستن ده‌ستنیشان بكه‌ین، ده‌بێ له وێوه ده‌ستپێبكه‌ین.
به‌ڕێز د. عه‌لى سه‌عید وه‌زیرى خوێندنى باڵا لێره‌یه، زۆر جار گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه پرسى تواناسازى بۆ ووڵاته‌كه‌مان بابه‌تێكى زۆر گرنگه، ئه‌و به‌رنامه‌یه كه له كابینه‌ى شه‌شه‌مه‌وه ده‌ستى پێكردووه، به دڵنیاییه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و بوارنه‌ى كه ده‌بێ خوێندنى تیادا بكرێت، ده‌بێ خۆمان له‌سه‌ر بنه‌ماى پێداویستیى ووڵاته‌كه‌مان؛ ده‌ستنیشانیان بكه‌ین. هه‌ندێ كه‌رت هه‌یه كه به جددى ووڵاته‌كه‌مان پێویستى پێیه‌تى، هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و په‌روه‌رده ده‌بێ بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه ئێمه گه‌وره‌ترین كێشه‌مان هه‌یه.
ده‌رچوون له زانكۆكان ده‌كرێت، بڕوانامه‌ى به‌رز وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ناتوانن بچووكترین ئیش بكه‌ن، ده‌بێ گرنگى به قوتابخانه پیشه‌ییه‌كان بدرێت، پێویسته فێریان بكه‌ین چۆن كارى شێره‌ى ئاو بكه‌ن، چۆن كارى ئێركۆندیشن بكه‌ن، چۆن كارى كاره‌با بكه‌ن، ئه‌مانه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ن كه خوێندكارانمان ده‌بێ بچن فێرى ئه‌و پیشانه ببن و ئێمه‌ش وه‌ك حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له سیسته‌مى په‌روه‌رده‌دا زۆر به جددى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕاده‌وه‌ستین.
هه‌موو كه‌سێك دكتۆرا به‌ده‌ست بێنێت و له زانكۆ ده‌ربچێت، پێویستیمان به بچووكترین ئیشێكى وه‌ك چاككردنه‌وه‌ى ئیركۆندیشنێك له‌م ووڵاته هه‌بێت، ئه‌و ته‌كنیكه و ئه‌و خه‌ڵكه‌مان نیه بتوانن ئه‌و كاره‌مان بۆ بكه‌ن. ناكرێت ووڵاتێكى وه‌ك كوردستان به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه به‌رده‌وام بێت، ده‌بێ سیسته‌مه‌كه به ته‌واوى بگۆڕدرێت. ئه‌م قسه‌یه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش كردووه، پرۆگرام هه‌یه بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان، پڕۆگرام هه‌یه بۆ گرنگیدانى زیاتر به قوتابخانه پیشه‌ییه‌كان، ده‌بێ قوتابیان و خوێندكارانمان هان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بچن له‌و قوتابخانانه بخوێن، هه‌رچییه‌كیش بۆ پشتگیری‌یان پێویست بێت، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه.
ده‌یسانه‌وه زۆر خۆشحاڵم به‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌و شه‌ره‌فه‌م هه‌بوو له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا به‌شدار بم، ئه‌مه خه‌ونى هه‌موو مامۆستایانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین بوو، خه‌ونى خوێندكارانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین بوو، به‌ڵام وه‌ك كه‌سێكیش حه‌ز ده‌كه‌م لێم قبووڵ بكه‌ن كه به ڕاستى ئه‌وه خه‌ونى منیش بووه و به ڕاستیش به‌دواداچوونم له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كردووه. دڵنیام و بڕوایه‌كى ته‌واوم هه‌یه كه ئه‌و بۆرده‌ى دانراوه، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئه‌و هاوكارانه‌ى كارى له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا به‌ڕێزه‌ى كه ئه‌مڕۆ لێره دانیشتوون (دارولهه‌نده‌سه) و ئه‌و براده‌رانه‌ى كه له ده‌ره‌وه هاتوون، ده‌توانین ئه‌و پڕۆژه‌یه و ئه‌و خه‌ونه بێنینه دى.
به هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌كتان، زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.




