لوبنان . دوای شەڕوپێكدادانەكان، ئارامی و ئاسایش بۆ شاری سەیدا گەڕایەوە

لوبنان-KDP.info/ دواشجار دوای شەڕوپێكدادانی سەخت لە نێوان سوپای لوبنان و چەكدارانی شێخ ئەحمەد ئەسیر لە شاری سەیدا سوپای لوبنان توانی بە تەواوەتی دەست بگرێت بەسەر ئەو ناوچەیەی كە لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر تێدا كۆبۆنەتەوە. سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە: دوای ئەوەی لەناوچەی عەبرای شاری سەیدای لوبنان پێكدادان لە نێوان سوپای لوبنان و لایەنگرانی ئەحمەد ئەسیر پیاوی ئاینی سەلەفی ئەو وڵاتە روویدا و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، سوپا توانی كۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بكات، بەڵام تا ئێستا شوێنی ئەحمەد ئەسیر نەدۆزراوەتەوە و بە گووتەی هەندێ لە سەرچاوكانیش ئەحمەد ئەسیر رووی كردۆتە خێوەتگای پەنابەرانی فەلەستینی وخۆی تێدا حەشارداوە. هەر بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ بڕیاری دەستگیركردن بۆ چەند چەكدار و لایەنگرێكی ئەحمەد ئەسیر دەركراوە و یەكێك لە داواكراوەكانیش فەزل شاكری گۆرانیبێژی پێشووی لوبنانییە. لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە مەڕوان شەربل رایگەیاند كە سوپا رووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبێتەوە كە ببێتە مایەی دروستكردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵات و ئاماژەی بەوەشكرد كە هێمنی و ئارامی بۆ شاری سەیدا و تەرابلووس گەڕاوەتەوە.




