930 كەس لە هەرێمی كوردستان لە سەفەری حەجی ئەمساڵ بێ بەش دەكرێن

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / لەسەرداوای حكوومەتی وڵاتی سعودیە و بەهۆی جێبەجێكردنی پرۆژەی فراوانكردنی حەرمی مەكەی پیرۆز لە %20ی ژمارەی ئەوهاووڵاتیانەی كە ناوی بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ دەرچووە لە سەفەر ی ئەمساڵ بێبەش دەكرێن و ئەمەش سەرجەم وڵاتان دەگرێتەوە و وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش دەڵێت دەبێت ناوی 930 كەس لە لیستەكەی هەرێمی كوردستان دەربهێنرێت.
مەریوان نەقشبەندی وتەبێژی فەرمی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆkdp.infoگوتی: بەهۆی كاركردن لە پرۆژەی فراوانكردنی حەرەمی مەكەی پیرۆز حكوومەتی وڵاتی سعودیە بڕیار دەدات كە لە %20 ژمارەی ئە كەسانەی كە لەسەرانسەری جیهانەوە سەفەری ئەو وڵاتە دەكەن بۆ سەفەری كەم بكاتەوە بۆیە ئێمەش وەكو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی یەكەمدا و تاوەكو ئێستە لەرێگەی تیروپشكەوە ناوی 517 هاووڵاتیمان دەرهێناوە كە پێشووتر ناویان بۆ سەفەری حەجی ئەمساڵ دەرچووبوو.
گوتیشی: بەپێی رێژەی لە %20 هێشتا دەبێت ژمارەكە كەمتر بكەینەوەو دەبێت بەكۆی گشتی لیستی هەرێمی كوردستان 930 ناو دەربهێنرێت بۆیە بڕیارمانداوە ئەو كەمكردنەوەیە لیژنە تایبەتەكانی وەزارەتی ئەوقافی بگرێتەوە كە بە مەبەستی یاوەریكردنی حاجیان سەفەری وڵاتی سعودیە دەكەن.




