نوری عەلی وەك سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی هەڵبژێردرا

تەرابلوس-KDP.info/ لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا كۆنگرەی نیشتمانی گشتی لیبیا نووری ئەبو سەهمەینی بە سەرۆكی نوێی خۆی هەڵبژارد. لە ئاكامی ئەو دەنگدانەدا كە بەڕێوەچوو ناوبراو نەوەدو شەش دەنگی بە دەست هێنا بەرانبەر بە هەشتا دەنگ بۆ شەریف وافی ركابەری. هەڵبژاردنی ناوبراو پاش دەست لەكاركێشانەوەی محەمەد مەقریف سەرۆكی پێشووی كۆنگرەی ناوبراو دێت كە مانگی رابوردوو بە هۆی پەسەندكردنی یاسای گۆشەگیركردنی سیاسییەوە دەستی لەكار كێشابووەوە. لە لایەكی دیكەوە ئەفسەرێك لە سووپای لیبیا رایگەیاند كە لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری نەناسراودا بۆ سەر خاڵێكی پشكنین لە باشووری شاری سێرت لەسەر كەناری دەریای سپی ناوەڕاست شەش سەربازی سوپای ئەو وڵاتە كوژران. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دا كە هێرشەكە لە شارۆچكەی خشومول خەیل رووی دا كە سەدو بیست كیلۆمەتر لە باشووری سێرتەوەیە. روونیشی كردەوە لەو هێرشەدا دوو ئامێری سەربازی سووتێنران و دەست بەجێ ئەو ناوچەەیە داخراو دەست بە گەڕان بە دوای هێرشبەرەاندا كرا. بەڵام هیچ لایەنێك دەست بەجێ بەرپرسیاریەتی خۆی سەبارەت بەو هێرشە رانەگەیاند. لە شاری تەرابلوسیش بەرپرسێك رایگەیاند كە گرووپێكی چەكدار هێرشیان كردە سەر بارەگای هێزی پاراستنی دەزگە نەوتییەكانی لیبیا و لە ئاكامدا سێ كەسیان بریندار كرد. روونیشی كردەوە ئەو گرووپە هاتبوون هێرش بكەنە سەر بارەگاكە بەڵام هێزی پاسەوانی بارەگاكە روو بە روویان بوونەوە و شەڕوپێكدادان لە نێوان هەردوو لادا رووی داو لە ئاكامدا سێ كەس برینداربوون و ئێستە رەوشەكە كۆنترۆلأ كراوە. جێی ئاماژەیە شاری سێرت دوایەمین شاری لیبیا بوو لە شۆڕشی ساڵی دوو هەزارو یازدەی گەلی لیبیا دژ بە رژێمی دیكتاتۆری قەزافی رزگار كراو بە زێدی ئەو دیكتاتۆرە دادەنرێت و لەكاتی شۆڕشدا زیانێكی زۆری بەركەوتووەو ئێستە بە پێی قسەی دانیشتووان پشت گوێ خراوەو دانیشتووان بە دەستی نەبوونی ئاسایش و نەبوونی هێزی سوپاو پۆلیس لە شارەكە سكاڵایانەو داوای خزمەتگوزاری و بایەخان بە شارەكە دەكەن.




