مژده‌یه‌ك بۆ زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكوومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی بۆ نوێكردنه‌وه و خه‌رجكردنی موچه‌ی گرێبه‌ستی رێزلێنان بۆ ئه‌و مامۆستا ئاینیانه وه‌رگرت كه دوای خانه‌نشین بونیان له خزمه‌ت به‌رده‌وام بوون.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ 25/6/2013سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له سه‌ر خه‌رجكردنی موچه‌ی رێزلێنانی وه‌ك هاوكاری بۆ ئه‌و مامۆستا ئاینییه به‌رێزانه ده‌ربڕی كه پێش خانه‌نشین بونیان ساڵانێكی دورو درێژ له كوردستان خزمه‌تیان كردووه و دوای خانشین بونیان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌گرێبه‌ست سودی له زانست و توانای شه‌رعی وه‌رگرتون.
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی ته‌ئكیدی كرده‌وه، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له سه‌ر داوای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی موچه‌ی رێزلێنان وه‌ك هاوكاریه‌ك بۆ 247 زانای ئاینی ئیسلامی ده‌ربڕیوه و ئه‌م موچه‌یه‌شیان له 1/1/2013وه بۆ خه‌رج ده‌كرێت و له‌هه‌مان كاتیش‌دا موچه‌ی خانه‌نشینی خۆیان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
نه‌قشبه‌ندی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: له ساڵانی داهاتوشدا ساڵانه ئه‌م موچه‌ی رێزلێنانه بۆ ئه‌و مامۆستا ئاینییه به‌رێزانه به‌ده‌وام ده‌بێت كه خانه‌نشین ده‌كرێن به‌پێی ئه‌و لیسته‌ی كه وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كات




