پەكەكەیش دەتوانێت دەست بە سیاسەتی یاسایی بكات

دیاربەكر KDP.info / هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی گولتەن قشاناق لە كۆبوونەوەی مەجلیسی گەنجانی بەدەپەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند كە پێویستە قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا بگاتە ئەنجام.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە گولتەن قشاناق لە میانەی كۆبوونەوەی مەجلیسی گەنجانی بەدەپەدا باسی قۆناغی چارەسەری و كاریگەرییەكانی ئەم قۆناغەی لە سەر داهاتووی توركیا كردووە و گوتوویەتی: ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم قۆناغە بە رێكوپێكی بەرەو پێشەوە ببەین ئەوا پەكەكەیش واز لە چەك دەهێنێت و دەست بە سیاسەتی یاسایی دەكات.
گولتەن قشاناق باسی ئەوەی كردووە كە قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا سوودی زۆری بۆ كورد و تورك دەبێت و ئەگەر ئەم قۆناغە بگاتە ئەنجام ئەوا زۆربەی هەرە زۆری ئاستەنگەكانی بەردەم بە هێز بوونی توركیا لە ناو دەبرن و پەكەكەیش دەتوانێت دەست بە كاروباری سیاسی خۆی بە شێوەیەكی یاسایی بكات.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی خۆیدا باسی چەندین رووداو وەكو رووداوی دەستدرێژی جنسی لە بینگول، لەشفرۆشی و مادە هۆشبەرەكان كردووە و رایگەیاندووە كە ئەمانە بەشێكن لە سیاسەتی حكوومەتی توركیا لە دژی گەلی كورد هەر بۆیە پێویستە گەلی كوردیش لە دژی ئەمجۆرە سیاسەتانە درێژە بە تێكۆشانی خۆی بدات.




