حەیدەر موللا: قوسەی سوهێل ناچاركراوە كە دەست لەكار بكشێتەوە

بهغدا-KDP.info/ دوای ئەوەی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قوسەی سوهێل كە هاوكات ئەندامی رەوتی سەدریشە، دەست لە كاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی بە هۆكاری تایبەتەوە راگەیاند و بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانیش هەواڵەكەی پشت راستكردەوە؛ لە كاردانەوەیەكدا حەیدەر موللا ئەندامی لیستی عێراقییە ئاشكرای كرد كە قوسەی سوهێل بە خۆی دەستی لە كارنەكێشاوەتەوە و بەڵكو دەستی پێ لە كاركێشراوەتەوە. موللا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە قوسەی سوهێل ناچار بە دەست لە كاركێشانەوە كراوەتەوە و ئەمە و بێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ئاشكرا بكات كە سوهێلی ناچار بە دەست لە كاركێشانەوە كردووە. موللا گوتیشی: جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی چاودێری ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەكخست بوو و هەروەها دژی زۆر لەو لێپێچینەوانە بووە كە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران داوایان دەكرد و روونیشیكردەوە كە قوسەی سوهێل، لە پشت هەوڵی لە باربردنی لێپرسینەوەی وەزیری خوێندنی باڵا عەلی ئەدیب بوو.




