٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆمیتەی عەقڵمەندان راپۆرتی خۆی ئامادە كرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیریش كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە- KDP.info/ كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا كە لە لایەن حكوومەتی توركیاوە بۆ زەمینە خۆش كردن بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دامەزرابوو، رۆژی یەكشەممە رایگەیاند كە دوای سێ مانگ كۆڕ و كۆبوونەوە توانیویەتی راپۆرتی خۆی ئامادە بكات.

لەم بارەیەوە دوغان خەبەر ئاژانسی توركی بڵاوی كردەوە كە كۆمیتەی عەقڵمەندان دوای سێ مانگ كۆڕ و كۆبوونەوە رۆژی یەكشەممە كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێناوە و راپۆرتی خۆی ئامادە كردووە و بریارە رۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغاندا كۆ ببێتەوە و راپۆرتی خۆی پێشكەشی سەرۆك وەزیر بكات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی كۆمیتەی عەقڵمەندان لەگەڵ سەرۆك وەزیردا تەنیا بۆ پێشكەش كردنی راپۆرتی كۆمیتەی ناوبراو نابێت بەڵكو لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك وەزیری توركیا كار و ئەركەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندان بۆ مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری دەستنیشان دەكات.

لە لایەكی دیكەوە لە كۆبوونەوەی نێوان كۆمیتەی عەقڵمەندان پارتی ئاشتی و دیموكراسی و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیكدا، حەرەكەتی كوردیش داوای لە كۆمیتەی عەقڵمەندان كردووە كە بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیردا لەگەڵ سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵلا ئوجەلانیشدا كۆ ببێتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار