جەمیل چیچەك: قۆناغی چارەسەری بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە

ئەنقەرە-KDP.ifno/ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رۆژی شەممە باسی بارودۆخی هەنۆكەیی توركیای كرد و رایگەیاند كە توركیا پێویستی بەوە هەیە كە هەر كەس لە چوارچێوەی یاسادا هەڵسووكەوت بكات و هەوڵ بۆ سەپاندنی سەروەری و سەربەخۆیی یاسا بدات.
لەم بارەیەوە تی ئار تی خەبەری توركی بڵاوی كردەوە كە توركیا لە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و لە جیاتی نانەوەێ ئاژاوە و قووڵتر كردنی ناكۆكییەكان هەوڵ بۆ بەهێزتر كردنی یەكیەتی توركیا و سەپاندنی یاسا و سەربەخۆیی یاسا بدەن.
جەمیل چیچەك لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كردووە و گوتوویەتی: قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا بەو پەڕی جدییەتەوە بەردەوامە و رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیم بە هیچ شێوەیەك نەبوونە هۆكاری راگرتن یا راوەستاندنی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی دیموكراتیزاسیونی توركیا.
چپچەك لە درێژەی قسەكانیدا باسی هێرشەكەی چەكدارانی پەكەكە بۆ سەر كۆپتەرێكی فەرماندەكانی سوپای توركیایشی كردووە و گوتوویەتی: لە قۆناغی كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكەدا رەنگ هەم لە نێو سوپای توركیا و هەم لە نێو پەكەكەدا چەند كەس و لایەنێك هەبن كە هەوڵ و پووچ كردنەوەی پرۆسەكە بدەن، بۆیە پێویستە پەكەكە و حكوومەت زۆر هۆشیار بن و دەرفەت بەم جۆرە كەس و لایەنانە نەدەن.




