پەروین بۆڵدان: حكوومەت سوور لە سەر چارەسەر كردنی پرسی كورد
ئەستەنبۆل-KDP.info/ سەرۆكی گرووپی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە پەرلەمانی توركیا پەروین بۆڵدان رۆژی شەممە سەبارەت بە دەست پێكردنی چاوپێكەوتنەكانی نێوان بەدەپە و حكوومەتی توركیا رایگەیاند كە هەم بەدەپە و هەم حكوومەتی توركیا بۆ بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری و دەست پێكردنی مەرحەلەی دووەمی ئەم قۆناغە جدین و هەنگاوی ئەرێنییان ناوە.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی ئاكشامی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی گرووپی بەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بۆڵدان راگەیاندووە كە یەكەمین دیداری نێوان وەفدی بەدەپە و حكوومەتی توركیا دیدارێكی گرنگ و ئەرێنی بووە و هەر دوولا لەم دیدارەدا بەڵێنیان داوە كە بۆ دەست پێكردنی مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری ئەركی سەر شانی خۆیان جێبەجێ بكەن.
پەروین بۆڵدان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد جدییە و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی جدی دەنێت.
ناوبراو ئەوەیشی رایگەیاندووە كە هەر لەم دیدارەدا بریار دراوە كە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی دیكەی بەدەپە سەردانی ئیمراڵی بكات و لەگەڵ ئوجەلاندا دیدار بكات تا بەمجۆرە وردە وردە دەست بە مەرحەلەی دووەمی قۆناغی چارەسەری بكرێت.




