وڵاتانی دۆستی سوریا ئامادەن هەموو هاوكارییەك پێشكەش بە ئۆپۆزسیۆن بكەن

قەتەر -KDP.info/ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دۆستی سوریا كۆبوونەوەكەی خۆیان لە شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر كۆتایی پێهێناو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا شێخ حەمەد بن جاسم ئال سانی سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لە گەل جۆن كیێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكادا دووپاتی كردەوە كە كۆبوونەوەكەی دۆحە چەند بڕیارێكی زۆر گرنگی دەركردووەو هەندێكیان بە نهێنی دەمێننەوە. لای خۆیەوە جۆن كیێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی هەر وڵاتەو لای خۆیەوە چی بە پێویست بزانێت پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆن دەكات بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی. هەروەها شێخ حەمەد گوتی ئەوان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە چارەسەری سیاسی و كۆنگرەی ژنێڤ گرنگن، بەڵام هاوسەنگی هێزیش لەسەر زەوی گرنگە لە گەل پێشكەشكردنی ئەو پێداویستییانەی باڵی سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێویستی پێیانە بۆ ئەوەی رەوشی خۆی لەسەر زەوی پێ چاكتر بكات. شێخ حەمەد روونیشی كردەوە كە ئەوان چارەسەری سیاسی بەباشتر دەزانن بەڵام رژێمی سوریا یەك چارەسەری هەڵبژاردووە ئەویش كوشتن و وێران كردنە. ئاماژەی بەوەش دا كە هەموو ناوچەكە كەوتووەتە بەر هەڕەشەو جیهانیش كەمتەرخەمی بەرانبەر بەچارەسەركردنی رەوشی سووریا نواندووە. دووپاتیشی كردەوە كە زۆربەی وڵاتانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە لەسەر دابینكردنی پاڵپشتی ئەنجوومەنی سەربازی كۆك بوون و جەختی لەسەر ئەوەیش كردەوە كە پێویستە كۆنگرەی ژنێڤ دوو كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی كاتی لە سووریا بكات تەواوی دەستەڵاتی هەبێت. لای خۆیەوە جۆن كیێری روونی كردەوە كە بە هەموو پێوەرێك رەوشی سووریا جێی پەسەند نییەو هوشیاری دا كە بەردەوامبوونی ململانێكە دەبێتە هۆی لێكترازان و پارچە پارچەبوونی دەوڵەتی سووریاو توندوتیژییەكی گەورەتری تایەفەگەری كە سوودی هیچ لایەنێكی لە ناوچەكە تێدا نابێت. گوتیشی رژێمی سووریا پاش راگەیاندنی سازدانی كۆنگرەی ژنێڤ دوو رێگەچارەی پەرەپێدانی هێرشی سەربازی پێڕەو كردو پاڵپشتی لە ئێران و حزبوڵڵاوە دەستەبەر كرد. هاوكات روونی كردەوە كە وڵاتەكەی پشتیوانی زۆرتر پێشكەش بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكات. ئاماژەی بەوەیش كرد كە دەستێوەردانی حزبوڵڵا و ئێران لە رەوشی سووریا چارەسەری سیاسی لەو وڵاتە دوورتر دەخاتەوەو گوتیشی سەرۆكی رژێمی دیمەشق هێڵە سوورەكانی بەزاندووە بەوەی چەكی كیمیایی بەكارهێناوەو روونیشی كردەوە كە چەكداركردنی ئۆپۆزسیۆن بە مەبەستی سەرخستنی چارەسەری ئاشتییانەیە. ئەمەو لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دۆستی سووریادا ئاماژە بەوە كراوە كە پێویستە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە هەموو جۆرە یارمەتییەك پشتیوانییان لێ بكرێت هاوكات داوا لە ئێران و حزبوڵڵا كراوە دەستێوەردانی خۆیان لە رەوشی سووریا رابگرن.




