پارێزگاری هەولێر ژمارەیەك پرۆژەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان بەسەر دەكاتەوە
هەولێر-KDP.info/ بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێری پایتەخت، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەری جێگری پارێزگارو بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێرو سەرۆكی شارەوانی هەولێر و بەرێوەبەری ئاوی هەولێر، چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنانی بەسەر كردەوە كە بریتی بوون لە پرۆژەكانی دەشتی بەهەشت و ئەنتراتیك و ئۆزال سیتی و وارین سیتی .
لەو بەسەركردنەوانەدا وێرای جەخت كردنەوە لەسەر پابەند بوونی تەواو بە رێنماییەكانی وەبەرهێنان و كوالیتی كەرەستەكانی بیناسازی و تەواو بوونی پرۆژەكان لەكات و وادەی خۆیاندا، پارێزگاری هەولێر لەنزیكەوە ئاشنابوو بە كێشەو ئاریشەی هەندێك لەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون لە رووی یاسایی و كارگێری و خزمەتگوزاریەكانیان و، جەختی لە چارەسەركرنی بەپەلەی ئەو ئاریشانە كردەوە .
شایانی باسە ئێستا نزیكەی 90000یەكەی نیشتەجێبوون لە شوقەو خانوو بە رووبەر و تێچوو و نرخی جیا جیا، لە میانەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت لەواری جێبەجێكردندانە و، كاریگەریی ئەرێنیان دەبێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و بووژانەوەی ئابووری و گەشەپێدانی شارستانی لە هەولێری پایتەخت .




