عیماد ئەحمەد سەردانی شاعیری ناسراو شێركۆ بێكەس دەكات

ستۆکهۆلم - KDP.info/ رۆژی 20/6 عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەواڵپرسین و ئاگاداربوون لەباری تەندروستی شاعیری گەورەی گەلەكەمان مامۆستا شێركۆ بێكەس گەیشتە ستۆكهۆڵم و لەماڵەكەی خۆیدا سەردانی كرد.
عیماد ئەحمەد لەم سەردانەدا ئامادەیی حكومەتی هەرێمی بۆ چارەسەری پێویستی مامۆستا شێركۆ راگەیاند و دوپاتی كردوە هەرچیەكی پێویست بێت درێغی ناكەین، چونكە ئەو شاعیرە گەورەیە سەرمایەیەكی بەنرخی گەلەكەمانەو سەرەڕای ئەوەی داهێنەرو شاعیرێكی گەورەیە، هەمیشە لەسەنگەری بەرگری گەلەكەشیدابوە، بەتایبەتی لەرۆژانی سەختی خەبات و شۆڕشدا یەكێك بوە لەشاعیرانەی بەتێكست و دەقی شیعری پر لەداهێنان و نەمری، پرسی رەوای میللەتەكەی بەرجەستەكردوە، جگە لەوەش شاعیرێكە چەندین ساڵە بەهەناسەیەكی شیعری دورودرێژ و پڕ لەداهێنان بەردەوامەو هەمیشە پێشەنگ و لەلوتكەدا بووە.
هەر لەم سەردانەدا جێگری سەرۆكی حكومەت باسی لەوەش كرد لەو كاتەدا كەتاوانی ئەنفال و كیمیا باران دژ بەخەڵكی بێتاوانی كوردستان ئەنجام دەدراو جیهانی دەرەوەش لێی بیدەنگ بوون و ئامادە نەبوون بەدەنگ خەڵكی لێقەوماوی ئێمەدا بێنەوە، دەنگی شێركۆ بێكەس دەنگێكی بیستراو بو و لەناوەندەكانی دنیا گوزراشتی لەنەهامەتیەكانی گەلەكەی دەكرد بۆیە هەمووان قەرزداری ئەو تێكست و ئەفراندنە ئەدەبیەی كاك شێركۆین و پێویستە رێزی لێبگرین و لەم ساتەوەختەدا كەباری تەندروستی تێكچووە بەدەنگیەوە بچین.
عیماد ئەحمەد لەمیانی هەواڵ پرسینی مامۆستا شێركۆ بێكەسدا ئاماژەی بەوەشدا كەحكومەتی هەرێم رێز ئەزموونی ئەو شاعیرە دەگرێت كەئێستا قوتابخانەیەكی شیعری تایبەتەو چەندین ساڵە بەتواناو داهێنانێكی بێوێنە خزمەتی ئەدەب و كلتوری كوردی دەكات و لەنوێبونەوەو دروەشانەوەی بەردەوامدایە.
لەكۆتای سەردانەكەدا عیماد ئەحمەد هیوای زوو چاكبونەوەو گەڕانەوەی بۆ مامۆستا شێركۆ بێكەس ی شاعیرو یەكەم وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێم خواست بۆ ئەوەی بەهەمان تواناو سەلیقەی جارانی دەست بەكاری داهێنان بكاتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە شێركۆ بێكەس سوپاسی بێ پایانی خۆی بەحكومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی هەموو بەشەكانی كوردستان راگەیاند كەبەشێوازی جیاجیا لەهەواڵیان پرسیوە




