لەراپرسییەکدا زیاتر لە 65% بەشداربووان دەنگ بۆ گۆڕینی مالیکی دەدەن

سەبارەت بە مانەوە یان گۆڕینی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سومەریە نیوز راپرسییەکی بەڕێوە بردووە کە تا ئێستا 2079 کەس بەشداری ئەو راپرسییە بوونە.
ئەو راپرسییە لەژێر ناوی "ئایا گۆڕینی مالیکی دەبێتە هۆی چارەسەربوونی کێشە خزمەتگوزارییەکان" بەڕێوە چووە کە دوو بژاردەی بەڵێ یان نەخێری بۆ دانراوە.
بەپێی ئەنجامی راپرسیەکە، 65.09%ی بەشداربووان لەسەر ئەو باوەڕەن کە به گۆڕینی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کێشە خزمەتگوزارییەکان چارەسەر دەبن.
بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ، زیاتر لە 65% بەشداربووان کە دەکاتە 1371 کەس، دەنگیان بە گۆڕینی نوری مالیکی داوە.
708 کەسیش کە 34.1% بەشداربووان پێک دێنێت، بە هەڵبژاردنی بژاردەی نەخێر، دەنگیان بۆ مانەوەی مالیکی لەسەر پۆستەکەی داوە.
ماوەیەکە پرسی سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیکی کەوتووەتە ناو رۆژەڤی سیاسی عێراق و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و فڕاکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو باوەڕەن کە پێویستە کەسێکی دی شوێنی مالیکی بگرێتەوە.




