بەشیر ئاتالای: چەند كەسێك دەیانەوێت قۆناغی چارەسەری پەرتەواز بكەن

وان- KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەشیر ئاتالای رۆژی پێنجشەممە لە شاری وان لە میانەی مەراسمێكدا باسی رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا و قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كوردی كرد و گوتی: رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیا پێشتر پلانیان بۆ دارژرابوو و چەندین ئەجەندای دەرەكیش لە پشت ئەم رووداوانەوە بوون.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی خەبەری توركی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەشیر ئاتالای كە هاوكات قوردیناتۆری ( رێكخەر) قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كوردە، لە بەردەم خەڵكی شاری واندا گوتارێكی پێشكەش كردووە و رایگەیاندووە كە ئارمانجی سەرەكەی رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی توركیا پەرتەوازكردنی قۆناغی چارەسەركردنی پرسی كورد بوو.
ئاتالای ئاماژەی بەوە داوە كە لە توركیا هێشتاكە چەند هێز و لایەنێك هەن كە خزمەتی ئەجەندا دەرەكییەكان دەكەن و پێیان خۆش نییە كە پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت و توركیا ببێتە وڵاتێكی بەهێزی دیموكراتیك بۆیە بە هەر شێوەیەك هەوڵ بۆ پەرتەواز كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەدەن.
ناوبراو داوای لە كورد و تورك كردووە كە پێكەوە دەست بدەن دەستی یەكتر و لە دژی ئەو كەس و لایەنانە بوەستنەوە كە نایانەوێ توركیا دیموكراتیزە بكرێت.




