بولەنت ئارنج بە هۆی رووداوەكانی پاركی گەزییەوە ویستوویەتی دەست لە كار بكێشێتەوە

ئەستەمبۆل- KDP.info/ بە هۆی رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سەرۆك وەزیری توركیا و جێگرەكەی بولەنت ئارنج و ناوبراو ویستوویەتی دەست لە پوستەكەی بكێشێتەوە بەڵام سەرۆك كۆماری توركیا پێشی لێگرتووە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی تەرەفی توركی بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیادا بە هۆی رووداوەكانی پاركی گەزی و خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم و چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەڵ خۆپشاندانەكاندا ناكۆكی كەوتووەتە نێوان سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان و جێگری سەرۆك وەزیر بولەنت ئارنج و دەمەقاڵە لە نێوان هەر دوو لا دا هاتووتە ئاراوە.
بە هۆی ئەم دەمەقاڵەیەوە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج كۆبوونەوەكەی بەجێ هێشتووە و دەست لەكار كێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە، بەڵام سەرۆك كۆماری توركیا پێشی لە گەورەبوونی ئەم ناكۆكییە گرتووە و بولەنت ئارنجی رازی كردووە كە لە سەر پۆستەكەی خۆی بمێنێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بولەنت ئارنج لە دژی بەكارهێنانی پۆلیس و هێز لە دژی خۆپێشاندەرەكان بووە و بەڵام سەرۆك وەزیری توركیا داواكارییەكانی بولەنت ئارنجی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە بە رێگای دانوستان رەتكردۆتەوە، بۆیە بولەنت ئارنج تووڕە بووە و دوای دەمەقاڵەكەی خۆی لە گەڵ سەرۆك وەزیر دەست لە كار كێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە.




