بەدەپە، كەجەدە و كۆمیتەی عەقڵمەندان كۆ بوونەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ رۆژی پێنجشەممە لە ئەنقەرە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك ئەحمەد تورك و هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و سەرۆكی گروپی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە پەرلەمانی توركیا ئیدریس بالۆكەن لە گەڵ كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد كۆبوونەوە.
لەبارەیەوە دوغان خەبەر ئاژانسی بڵاویكردەوە كە لە كۆبوونەوەكەی نێوان گروپی عەقڵمەندانی توركیا بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و كەجەدە و بەدەپەدا باسی كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندان كراوە و هەر سێ لا جەختیان لە سەر چڕتر كردنەوەی هەوڵدانەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە توركیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنەوە كردووە.
لە چوارچێوەی ئەم كۆبوونەوەیەدا كۆمیتەی عەقڵمەندان ناوەرۆكی كۆڕ و كۆبوونەوەكانی خۆی لە شار و شارۆچكە جیاجیاكانی توركیا بۆ بەدەپە و كەجەدە روون كردۆتەوە و داوای لە كەجەدە و بەدەپە كردووە كە بۆ رەخساندنی زەمینەی گونجاوتر هەوڵی زیاتر بدەن و رای گشتی گەلی كورد لە چۆنیەتی قۆناغەكە و چۆنیەتی بەرێوە چوونی مەرحەلەكانی ئەم قۆناغە ئاگادار بكەنەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا كەجەدە و بەدەپە داوایان لە كۆمیتەی عەقڵمەندان كردووە كە لە گەڵ سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵلا ئوجەلانیشدا دابنیشێت و گوێ لە راوبۆچوونی ئوجەلانیش بگرێت.




