دەوڵەت باخچەلی: با كورد واز لە خەیاڵەكانی خۆی لە سەر باكووری كوردستان بهێنێت

مارەش - KDP.info/ سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستی تورك ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلی لە شاری مارەش باسی سیستەمی سەرۆكایەتی كردووە كە سەرۆك وەزیری توركیا هەوڵی پەیڕەو كردنی دەدات و گوتوویەتی: ئەم سیستەمە ئامرازێكە بۆ ئاسانتر دابەشكردنی توركیا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی روتا خەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی پێنجشەممە سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستی توركیا دەوڵەت باخچەلی لە میانەی فیستیڤاڵی كلتووری مارەشدا باسی رووداوەكانی ئەم دوایەی توركیای كردووە و گوتوویەتی: حكوومەتی توركیا هەوڵ بۆ پەیڕەو كردنی سیستەمێك بە ناوی سیستەمی سەرۆكایەتی دەدات و ئەم سیستەمەیش ئامرازێكە بۆ ئاسانتر دابەشكردنی توركیا و لە پاڵ سیستەمی سەرۆكایەتیشدا هەوڵ دەدرێت سیستەمێكی سەربەخۆ بدرێتە كورد و دواتر ئەم سیستەمە وردە وردە بكرێتە سیستەمێكی فیدراڵ و دواتریش دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی بە ناوی باكووری كوردستان دابمەزرێنن.
باخچەلی داوای لە سەرۆك وەزیری توركیا كردووە كە واز لە سیستەمی سەرۆكایەتی بهێنێت و هەروەها داوای لە كورد كردووە كە پێویستە بە خێرایی واز لە خەیاڵ و پلانەكانی خۆی سەبارەت بە باكووری كوردستان و دەوڵەتی كوردی بهێنێت.




