موسڵ .. رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن لە ناو موسڵ 21% بووە و لە ناوچە کوردییەکانیش 60% بووە

موسڵ- تایبەت بەKDP.info/ عیسمەت رەجەب بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای موسڵ و سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان بەkdp.infoرایگەیاند: ئەمڕۆ کاتژمێر حەوتی بەیانی بنکەکانی دەنگدان بەڕووی ھاووڵاتیان کرانەوە و لە پارێزگای موسڵ ملیۆنێک و ھەشت سەدو30ھەزار کەس مافی دەنگدانی ھەبوو و716بنکەی دەنگدان کرابوونەوە لەوانەش چوار ھەزار و351وێستگە ھەبووە.
عیسمەت رەجەب گوتیشی:28قەوارەی سیاسی کێبرکێیان لە سەر 39کورسی دەکرد کە سێ لەوانە بۆکۆتاییە بۆ پێکھاتەکانی شەبەک و ئێزدی و مەسیحی.
رەجەب ئاماژەی بەوەشکرد، ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی باش بەرێوەچوو، بەڵام وەک بەشداریکردن لە ناو سەنتەری موسڵ بەھۆی خراپی رەوشی ئەمنی رێژەیەکی زۆر کەم بەشداریان لەو ھەڵبژاردنە کردووە، بەڵام لە ناوچە کوردییەکان رێژەیەکی باش بەشداریان کردووە .
سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان کە ئەو لیستە ھەشت پارتی کوردی لەخۆ دەگرێت لە پارێزگای موسڵ راشیگەیاند: وەک ئاماری سەرەتایی 385ھەزار کەس بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان کردووە کەدەکاتە 21%.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان رونیشیکردهوە، لە ناوچە کورد نشینەکان لە سنوری ئەو پارێزگایە رێژەیەکی باش بەشدارییان کردووە، کە دەگاتە 60%، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە رێژەیەکی زۆر تایبەت ئاوارەکان ناویان نەگرابووە و لە دەنگدان بێبەش بوون.
عیسمەت رەجەب باسی لەوەشکرد، کاتژمێر پێنجی ئێوارە بنکەکانی دەنگدان داخران و کۆتایی پێھات و بەیانیش ئاماری سەرتایی بڵاو دەکرێتەوە.
ناوبراو گوتیشی: بەشداریکردنی ئەم رێژە کەمە لە ناو سەنتەری پارێزگای موسڵ لە بەرژەوەندی کورد دایە ، چونکە لە ناوچە کوردییەکان رێژەیەکی باش بەشداریان کردووە، بەمەش رێژەی کورسییەکانی کورد زۆر زیاد دەکات.




