سەدر كۆبوونەوە لەگەڵ مالیكی بەبێ سەركردەكانی بەشدارلە كۆبوونەوەكانى هەولێر و نەجەف رەت دەكاتەوە
حەیدەر یاسری بەرپرسی پێوەندییەكانى دەرەوەى رەتى سەدر ئەمرۆ سێ شەممە 19/6/2012 لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی لەندەی رایگەیاند: چەندین لایەنی هەرێمی و سەركردەی سیاسی لە هاوپەیمانیی نیشتمانى پاڵەپەستۆیان خستۆتە سەر موقتەدا سەدر بۆ ئەوەى لەو هەڵوێستەى ئێستاى كەلە بەرامبەر نووری مالیكی سەرۆك وەزیران هەیەتی پاشگەز بێتەوەو لە بەرامبەریشدا مالیكی رازییە بەوەی چەند چاكسازییەك بكات كە سەدر پێشنیازی كردووە.
یاسری هەروەها گووتی: یەكێ لەو بژارانەى باس كراوە، مالیكی لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر كۆبێتەوە و چەند چاكسازییەك دواى ئەو كۆبوونەوەیە رابگەێنێت، بەڵام سەدر مەرجی داناوە كە دەبێ بەشدارانى كۆبوونەوەى هەولێر و نەجەفیش بەشدار بن.
یاسری ئەوەشی ئاشكراكردووە كە سەدر پێی راگەیاندوون ئەو پرسە پێوەندیی بەداواكارییەكانى خەڵكی عێراقەوە هەیە نەك لیستێك بەتەنها.




