ئۆباما و پۆتن رەوشی سوریایان تاوتوێكرد

ئەمەریكا- KDP.info/ لە میانەی كۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا و باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەریكا، مۆسكۆ و واشنتن تا ئێستەش ئومێد دەخوازن كە كۆنگرەی ژنێڤ دوو ببەسیترێت، بەڵام لە رووی چۆنییەتی مامەڵەكردن لە گەڵ قەیرانی سوریا تا ئەو ساتە ناكۆكییان هەیە . لە پەراوێزی لوتكەی گروپی هەشتقۆڵی هەر دوو سەرۆكی روسیا و ئەمەریكا كۆبوونەوە و قەیرانی سوریایان تاوتۆی كرد . ئۆباما رایگەیاند كە داوای لە یاریدەدەرانی كردووە لە كۆشكی سپی كە كۆبوونەوەیەك لە ژنێف ئەنجام بدەن سەبارەت بە سوریا، هەر یەك لە مۆسكۆ و واشنتن هاوران لە سەر بەكارنەهێنانی چەكی كیمیاوی لە سوریا و كۆتایی هێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسییانە . ئەلیسكەندەر لۆكاچفیچ گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند كە وڵاتەكەی رێگە نادات كە ناوچەیەكی دژەفڕێن لە سەر خاكی سوریا دابمەزرێت . رووسیا رایگەیاند كە هەر هەولێك لەم جۆرە پێشێلكردنێكی یاسای نێودەوڵەتییە . دیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند كە پێویستە پشتگیری لە ملیۆنەها هاوولاتی سوریا بكرێت كە هەوڵی دەستەبەركردنی ئایندەیەكی دیموكراتی بۆ وڵاتەكەیان دەخوازن . بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند كە وڵاتانی ئەوروپا ئەوانەی یارمەتی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەدەن باجی ئەو كارەیان دەدەن . لە دیمانەیەكدا بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا لە گەڵ رۆژنامەیەكی ئەڵمانی روونیكردەوە كە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا چەك بۆ چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بنێرن ئەوا، ئەوروپا دەبێتە خاكێك بۆ تیرۆر و باجی ئەو كردەوەشیان دەدەن .




