٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حەسەن روحانی: رێككەوتننامەكانی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

ئێران- KDP.info/ لە یەكەمین كۆنگرەی رۆژنامەوانی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری هەلبژێردراوی ئێران كە لە سەنتەری لێكۆلینەوە ستراتیژیەكانی ئەنجوومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیەكانی نیزام ئەنجامدرا، حەسەن روحانی هەڵبژاردنی یازدەهەمین خولی سەرۆكایەتی ئێرانی بە دەسپێكی وەرزێكی نوێ لە قەڵەمدا و سوپاسی هەموو ئەو كەسانەشی كرد كە میانەرۆكانیان دەستنیشان كردووە. لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا روحانی وەڵامی پرسیاری میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوەی دایەوە.سەبارەت بە باروگوزەرانی هاووڵاتیانی ئێران، روحانی رایگەیاند ئەولەویەتی كارەكانی ئێمە باشتركردنی باروگوزەران و ئابوری وڵات دەبێت. سەبارەت بە سزاكانی سەر ئێرانیش، روحانی رایگەیاند بە بڕوای ئێمە رێگە چارەی كۆتایی پێهێنان بە سزاكان شەفافیەتی زیاترو پابەند بوونە بە یاسا و بڕیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەروەها راشیگەیاند بۆ كەمكردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی سزاكان، هەنگاونانە لە رێڕەوی شەفافیەتی زیاتر، لە گەڵ ئەوەشدا كە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران شەفافە، بەڵام ئێمە ئامادەین كە شەفافیەتی زیاتر بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بنوێنین و هەروەها متمانەی نێوان ئێران و وڵاتانی دیكە زیاتر پەرەی پێبدەین. هەروەها روحانی ئاماژەی بەوەشدا كە سەپاندنی سزاكان زیانی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا هەیە و ئەگەر سودێكیش هەبێت تەنها بۆ ئیسرائیلە. سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئێران لە بارەی پەیوەندییەكان و سیاسەتی دەرەوەی رایگەیاند حكوومەتی نوێی ئێران هەست بەوە دەكات دەرفەتێكی تازە بۆ هەڵسوكەوت كردن لە گەڵ جیهاندا دەستەبەر بووە، كە ئەمەش دەرئەنجامی ئامادەیی و بەشداری خەڵكی ئێرانە لە هەڵبژاردنەكان. هەروەها روحانی لە وەڵامی پرسیارێكی كەناڵی سی ئێن ئێن سەبارەت بە گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكا، رایگەیاند دەبێت ئەمریكا دەست لە كاروباری ناوخۆی ئێران وەرنەدات و دان بە مافی گەڵانی ئێران دابنێت لە نێویشیاندا مافی ئەتۆمی بە فەرمی بناسێت. هەروەها سیاسەتە یەك لایەنەكانی لە دژی ئێران بە لاوە بنێت. هەروەها روحانی راشیگەیاند كە ئێمە لە گەڵ بەردەوامیدان بە گرژی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا نین، سەرەرای ئەوەی كە پرسی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا، پرسێكی دژوار و ئاڵۆزە. هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیدا روحانی سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی سوریا رایگەیاند چارەسەركردنی پرسی سوریا پەیوەندی بە هاووڵاتیانی سوریاوە هەیە و بڕیاری كۆتایش تەنها لە ئەستۆی خۆیاندایە و پێویستە شەری ناوخۆ و دەستێوەردانی دەركیش كۆتایی پێبێت. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ رایگەیاند كە ئێمە خوازیاری پەیوەندی دۆستانەین لە گەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ. لە وەڵامی پرسیارێكی كەناڵی بی بی سی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی بەریتانیا و ئێران، رایگەیاند ئامانجی حكوومەتی داهاتوو چارەسەركردنی تەواوی گرفتەكانە لە گەڵ وڵاتانی جیهان. هەروەها حەسەن روحانی سەبارەت بە دانوستانەكانی ئەتۆمی لە نێوان وڵاتانی پێنج كۆیەك و ئێران، رایگەیاند دانوستانەكانمان لەرگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا چالاكتر و زیاتر پەرەیان پێدەدەین. هەروەها سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت رایگەیاند كە بەشداری بە كەسانی میانەرۆ و ئسولگەرا و ریفۆرمخواز دەكەین

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار