مژدەیەک بۆ دەرچوانی خوێندنگە و قوتابخانە ئیسلامییە ئەھلیەکان ئەوانەی بڕوانامە باڵاکانیان نەدەناسێنرا

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ مەریوان نەقشبەندی بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoرایگەیاند: دوای ھەوڵی بەردەوامی وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کەسانەی کە دەرچوی خوێندنگە و قوتابخانە ئیسلامییە ئەھلییەکان بوون و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم - بەکالۆریوس - ماجستێر- دکتۆرا ن و بڕوانامەکانیان بە رەسمی نەدەناسێنرا، مژدەیان دەدەینێ کەوا دوای رێککەوتن لە گەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بڕیاردرا تاقیکردنەوەی شەشی ئامادەیی ئیسلامی بۆ ئەو بەرێزانە ئەنجام بدرێت و دوای دەرچونیان ئەوا بروانامەکانیان بەرەسمی دەناسێنرێت.
مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەرجەم ئەو بەرێزانە دەکەین کە لە ساڵی 2008تا 1/7/2012بروانامە باڵاکانیان وەرگرتوە یان لێیان خوێندوە، لە گەڵ ھێنانی بروانامە یان پشتگیری ئەو شوێنەی لەم ماوەیەدا لێیان خوێندوە، لە بەرواری 1/7/2013ھەتا 1/8/2013لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە خۆیان ناونوس بکەن و ناسنامەو پێداویستی شەخسی (ئەسلی و کۆپی) لە گەڵ خۆیان ببەن .
نەقشبەندی رونیشیکردهوە، ئەمە دوا مۆڵەتە بۆ ئەو بەرێزانە کە لە دوای 1/8رۆژ و کات و شوێنی تاقیکردنەوەکانیان دیاری دەکرێت و تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.




