بەنووسراوێك بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری ئەندامانیان دەكاتەوە قسە لەسەر مادەی 6 دەستور نەكەن

هەولێر_ تایبەت بە kdp.info/ بەپێی قسەی سەرچاوەیەك لەناو گۆڕان ئاگاداری سەرجەم ئەندام و لایەنگران و هەڵسوڕاوانیان كراوەتەوە كە قسە لەسەر ماددەی 6ی دەستور نەكەن، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "روونكردنەوەمان داوە".
بەپێی قسەی سەرچاوەیەك ئاگادار لە گۆڕان بۆ kdp.info ئاشکرای دەکات کە بزوتنەوەی گۆڕان ئاگاداری سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی و هەڵسوڕاوانی كردۆتەوە لە سەر مادەی 6ی دەستور قسە نەكەن، لەمبارەوە سەرچاوە ئاگادارەکە كە دەڵێت : " گۆڕان نایەوێت بچێتە بەرەی ئیسلامی و علمانییەكان" هاوكات لەو ئاگادار كردنەوە ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت بیر لە دەنگی ئیسلامییەكان بكرێتەوە كە بەشێكیان بۆ گۆڕان دەچێت.
هەر لەمبارەوە حەمە تەوفیق رەحیم وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ kdp.infoگوتی " ئێمە داوامان كردووە لە سەر كۆی پڕۆژەكە كە ناردوومانە بۆ سەرۆكی هەرێم قسە بكرێت نەك جیاكاری لە خاڵەكان ".
گوتیشی " گۆڕان بۆچوونی وایە دەبێت هێڵە گشتییەكانی دەستوری كوردستان ناكۆك نەبێت لە گەڵ دەستوری عێراق كە مادەی شەشەیش دەگرێتەوە".
لە بەیان نامەیەكیشدا وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەكات بەرەیەكی دژیان دروست كردووە بۆ ئەگەری گۆڕانكاری لەو خاڵە لەمبارەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ بۆ kdp.infoگوتی : " لە ساڵی 2009 لایەنە ئیسلامییەكان مادەی 6ی دەستوریان وەك پێشنیار خستەبەر دەست و سەرۆكی هەرێمیش واژۆی كرد. ئەوەش وەك یەكگرتووەنەوەیەك لە گەڵ دەستوری عێراق، بۆیە هەركەسێك دەست هەڵبڕێت بۆ ئەم مادەیە ئەوە بەرانبەری دەوەستینەوە هەر لایەنێك دەیەوێت با وەك ئێمە هەڵوێستی روون بكاتەوە".
گوتیشی : "بەهیچ شێوەیەك سازان لە سەر ئەم خاڵەش ناكەین ".
هەر لەمبارەوە د.ڕێباز فەتاح هەڵسوڕاوی گۆڕان و ئەندامی پەرلەمان گوتی: "ئێمە بەپێی ئەو پرۆژەیە قسە دەكەین كە داومانەتە سەرۆكی هەرێم.
دەربارەی ئەو ئاگادارییە گۆڕان بۆ قسە نەكردن لەسەر ئەو خاڵە گوتی: "پرۆژەكەی ئێمە بە كۆی دەنگیی گۆڕان ئامادەكراوە و قسەشمان لە گەڵ لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن كردووە، بۆ هەمواركردنەوەی كۆمەڵێك خاڵ".




