ئەنجوومەنی خانمان و كونسوڵگەری بەریتانیا بەدواداچوون بۆ راپۆرتەكەی (بی بی سی) دەكەن

هەولێر- KDP.info/ خاتوو پەخشان زەنگنە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان بە ئامادەبوونی فلۆرین گۆرگیس بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجوومەن، لەمیانی دیدارێكدا لە گەڵ بەڕێز هیوو ئیڤنز كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان، چەند پرسێكی پەیوەست بە رەوشی ژنانی لە هەرێمی كوردستان خستەبەرباس و لێكۆڵینەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا خاتوو پەخشان زەنگنە باسی لە ستراتیژیەتی نیشتمانی پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها نیگەرانی ئەنجومەنی خانمانی بە كونسوڵی گشتی بەریتانیا راگەیاند، سەبارەت بەو راپۆرتە چەواشەكارییەی كە بەم دواییە لە كەناڵی "BBC"ی نیمچە رەسمی بەریتانی دەربارەی رەوشی ئافرەتانی هەرێم بڵاوكرایەوە.
بۆ ئەم مەبەستەش ئامارە فەرمییەكانی سێ ساڵ و چوار مانگی رابردووی خۆسووتاندنی ئافرەتانی لە هەرێمدا خستە بەردەستی بەڕێزیان، لەبەرامبەردا هیوو ئیڤنز بەڵێنیدا بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتە بكات و لە نزیكەوە لە راستی مەسەلە بزانێت.
هەروەها كونسوڵی گشتی بەریتانیا پاڵپشتی خۆی بۆ ستراتیژیەتی نیشتمانی پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان و پرۆژەكانی تری ئەنجومەنی خانمان دەربڕی و رۆلی ئەنجومەنی خانمانی بەرزنرخاند، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هەرێمی كوردستان لە هەموو رووێكەوە هەنگاوی باشی ناوە، پەرەپێدانی رەوشی ژنانیش پێویستییەكی گرنگە بۆ ئەوەی رەگەزی مێینەش شان بەشانی پیاوان رۆلیان هەبێت لە پەرەپێدانی كۆمەڵگەی كوردستانی.
هیوو ئیڤنز دووپاتیشی كردەوە كە بەو هیوایەی لە ئایندەیەكی نزیكدا چەند پرۆژەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە بوارە جیاجیاكاندا لە بەرژەوەندی ئافرەتانی كوردستان جێبەجێ بكەن.




