ئەگەمەن باغێش: ئەوەی لە مەیدانی تەقسیم كۆ ببێتەوە تیرۆریستە

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ سەرۆكی دەستەی دانوستاندنكاری توركیا و یەكێتی ئەورووپا و وەزیری كاروباری یەكێتی ئەورووپای حكوومەتی توركیا ئەگەمەن باغێش رۆژی یەك شەممە رایگەیاند كە ئەو كەسانەی كە دوای 19 رۆژ لە مەیدانی تەقسیم كۆ ببنەوە تیرۆریستن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئاخەبەری توركی بڵاویكردۆتەوە كە وەزیری كاروباری یەكێتی ئەورووپای حكوومەتی توركیا ئەگەمەن باغێش سەبارەت بە خۆپێشاندانەكانی تەقسیم و هێرشەكانی پۆلیس بۆ سەر خۆپێشاندەرەكان گوتوویەتی: پۆلیس تا 19 رۆژ خۆی گرت بەڵام خۆپێشاندەرەكان رۆژ لە دوای رۆژ سنورەكانیان بەزاند و دەستدرێژییان كردە سەر ماڵ و موڵكی خەڵك بۆیە پۆلیس ناچار بوو، ماڵ و مڵكی خەڵك بپارێزێت.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە گەڵ تێپەڕبوونی 19 رۆژ لە خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم، سەرەڕای پێكهاتنی نوێنەری خۆپیشاندەرەكان لە گەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیری توركیا، بەڵام خۆپێشاندانەكان هێشتاكە هەر درێژەیان هەیە و ئاراستەیان گۆڕاوە، بۆیە ئەوانەی كە لەمەو بەدواوە لە مەیدانی تەقسیم كۆ دەبنەوە تیرۆریستن، حكوومەتی توركیا وەكو تیرۆریست مامەڵەیان لە گەڵدا دەكات.




