راگه‌یه‌نراوێک له وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه

هەولێر - KDP.info/ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دەربارەی هەواڵی داخستنی سنوری نێوان هه‌رێمى کوردستان و رۆژئاواى کوردستان رایدەگەیەنێت، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رێگه نادات ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ى سنور بۆ به‌رژوه‌ندیى لایه‌نێکى دیاریکراو به کاربهێنرێت؛ هاوکات دەڵێت سیاسه‌تى خۆسه‌پاندنى به‌زۆر به‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى رۆژاواى کوردستان، کارێکى دروست نییه.
دەقی راگەیەنراوەکەی وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، کە چەند رۆژێک بەر لە ئێستە بڵاویکردۆتەوە و وێنەیەکی بۆ kdp.inf ناردووە:
هه‌ندێ له که‌ناڵه‌کانى ڕاگه‌یاندن؛ به‌شێکیان له به‌یاننامه‌یه‌کى کۆما جڤاکێن کوردستانKCK بڵاو کردووه‌ته‌وه که تیایدا باس له داخستنى خاڵى سنووریى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ڕۆژاواى کوردستان ده‌کات، له‌وباره‌وه‌یه ڕایده‌گه‌یه‌نین که:
١- حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕێگه نادات ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ى سنوور بۆ به‌رژوه‌ندیى لایه‌نێکى دیاریکراو به‌کار بهێنرێت بۆ به‌هێزکردنى پێگه‌ى خۆى، به‌تایبه‌تیش هه‌رچى کۆمه‌ک و هاوکارییه له‌وێوه ده‌رباز ده‌بێت.
٢- سیاسه‌تى خۆسه‌پاندنى به‌زۆر به‌سه‌ر لایه‌نه‌کانى دیکه‌ى ڕۆژاواى کوردستاندا، کارێکى دروست نیه و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان نابێته به‌شێک له‌و سیاسه‌ته به‌وه‌ى ڕێگه بدات ده‌روازه‌ى سنوور بۆ جێگیرکردنى ئه‌و مه‌رامه به‌کار بهێنرێت.
٣- په‌یڕه‌وکردنى چه‌واشه‌کارى و تۆقاندن و ڕاوه‌دوونان و گرتنى ئه‌ندام و کادیرانى لایه‌نه‌کانى دیکه، دووبه‌ره‌کى و لێکترازان و کاریگه‌ریى خراپى لێ ده‌که‌وێته‌وه.
٤- ده‌روازه‌ى سنوور؛ ته‌نیا بۆ حاڵه‌ته مرۆییه‌کان ده‌کرێته‌وه، تاکو لێکگه‌یشتن و گه‌ڕانه‌وه بۆ کۆده‌نگیى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان؛ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.
وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان
15ى حوزه‌یرانى 2013




