عەدنان موفتی: مالیكی بە شێوەیەكی تاكڕۆیانە حوكم بكات، ناتوانێت چاكسازی بكات

عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕایدەگەێنێت: ئەگەر بەرنامەیەك هەبێت مالیكی پابەند بكات بە دەستوور، ڕێككەوتنامەكانی هەولێر، ڕێككەوتنی دووقۆڵی و سێقۆڵیەكان و ڕەچاوی پێكهاتەكانی عێراق بكات، ئەوا دەتوانێت چاكسازی بكات؛ بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی تاكڕۆیانە حوكم بكات ناتوانێت. عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی لە دیمانەیەكدا كە ئاژنسی هەواڵی پەیامنێر لەگەڵیدا سازی داوە لە پرسیارێكدا كە ئایە قەیرانەكانی عێراق بە لابردنی مالیكی چارەسەر دەكرێت؟ عەدنان موفتی دەلێت: ئەو كێشەیەی ئێستا هەیە بەشێكە لە عێراقی تازە، كە عێراقی دیموكراتە، عێراق دەستووری هەیە ئەو دەستوورە نیشانی داوە ئەگەر هاتوو كێشەی سیاسی هەبوو بە ڕێگایەكی دیموكراسی ڕووبەڕووی ببینەوە. ئێستا چەندین لایەن هەن ناڕازین لە ئەدای سەرۆكوەزیرانی عێراق، نەگەیشتوینەتە دەرئەنجامێك و دیالۆگێكی ئەوتۆیش نییە. متمانەیش كەم بووەتەوە. گەیشتووینەتە ئەوەی كە داوای لێپرسینەوە لە سەرۆكوەزیران بكرێت و دانیشتنێكی پەرلەمان بكرێت بۆ لێپرسینەوە. ئەمەیش شێوازێكی دیموكراسییە.
ئەگەر سەری گرت باشە ئەگەر سەریشی نەگرت، لە ئەنجامدا چیی ببێت و نەبێت ئەوا كارێكی دیموكراسییە بۆ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ دەسەڵات و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، بۆ ڕەخنەگرتن و چارەسەركردنی هەڵەیە، نەك تەنها سەرۆكوەزیران دەبێت هەموو لایەنەكان ڕەچاوی بكەن و بیزانن، ئەبێت هەموومان پابەند بین بە یاسا و بە دەستوور.
پاشان لەبارەی ئەوەی كە ئایە مالكی دەتوانێت چاكسازی بكات موفتی گووتویەتی: مالیكی بە تەنیا ناتوانێت چاكسازی بكات، ئەگەر هەموو لایەنەكان لەگەڵی ڕێككەون، بەرنامەیەك هەبێت مالیكی پابەند بێت بە دەستوور و ڕێككەوتنامەكانی هەولێر و ڕێككەوتنی دووقۆڵی و سێقۆڵیەكان و ڕەچاوی پێكهاتەكانی عێراق بكات، ئەتوانێت چاكسازی بكات؛ بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی تاكڕەوانە حوكم بكات ناتوانێت چاكسازی بكات.




