فەرهاد ئەترووشی: پرسی لێپرسینەوەی لەگەڵ مالیكی بەگشتی تاوتوێ كراوە

فەرهاد ئەترووشی ئەندامی لێژنەی هاوبەشی یاساییی راسپێردراو بە ئامادەكردنی فایلەكانی لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لێژنەكە پرسی لێپرسینەوەی لەگەڵ مالیكی بەگشتی تاوتوێ كرد و لایەنە شێوەیییەكانی لێپرسینەوەكە و ئەوەی لە كاتی لێپرسینەوەدا پێویستە، باسی لێوە كرا.
گوتیشی، لە میانەی كۆبوونەوەی لێژنەكەدا هێڵە گشتییەكانی پرۆسەی لێپرسینەوە باسی لێوە كراوە، ئاماژەی بەوەشكرد، بروامان وایە كاری لێژنەكە زۆر نەخایەنێ ئەگەر مەرجی شێوەیی و یاسایی و دەستووری تایبەت بە لێپرسینەوەكە تەواو بێ.
جێگای باسە ئەو لایەنانەی لەهەولی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، لێژنەیەكی یاسایییان لە دوو ئەندامی هەر لایەنێك پێك هێنا و رۆژی یەك شەممەی رابردووش لێژنەكە لە هەولێر دەست بەكار بوو بۆ ئامادەكردنی فایلەكانی لێپرسینەوە لە مالیكی لە پەرلەمانی عێراقدا.




