حەسەن روحانی بوو بە سەرۆك كۆماری ئێران

ئێران-KDP.info/لە چوارچێوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئێراندا و پاش هاوێركردنی پتر لە تەواوی دەنگەكان حەسەن رۆحانی كاندیدی نزیك لە رەوتی ریفۆرمخوازەكان لە سەددا پەنجا پۆینت حەوت لە دەنگەكانی بە دەست هێناو بوو بە سەرۆك كۆماری ئێران. لەو بارەوە محەمەد نەجار وەزیری ناوخۆی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە حەسەن روحانی بوو بە سەرۆك كۆماری ئێران پاش ئەوەی پەنجا پۆینت حەوتی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەست هێنا كە رێژەی بەشداریكردنی هاووڵاتییان تێیدا گەیشتە لە سەدا حەفتاو دوو پۆینت دوو. پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی ئێران روونیكردەوە كە روحانی بە جیاوازییەكی زۆر لە پێشەوەی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی شارەوانی تاران كاندیدی موحافیزكارەكان و سەعید جەلیلی گەورە وتوێژكاری دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە بووە. چەند سەرچاوەیەكیش رایانگەیاند كە رێژەی بەشداری كردن لە دەنگداندا لە تاران گەیشتبووە لە سەدا حەفتا. ئەوەبوو وەزارەتی ناوخۆی ئێران رۆژی هەینی ماوەی دەنگدانەكەی بۆ پێنج كاتژمێر درێژكردبووەوە لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر لەبەردەم بنكەكانی دەنگدان چاوەڕوانی دەنگدان بوون.




