سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد

ئەمڕۆ شەممە 15ـی 6ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیریدەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشوازی لەو هەنگاوانە كرد كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا نراون و سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیشی بۆ هەولێر بە گرنگ وەسف كرد و هیواشی خواست كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەرچی زووترە چارەسەر بكرێن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی عێراقیش بڕێت مەكگوورك نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی كە ڕێژەی كردەی تیرۆریستی لە عێراقدا لە مانگی ڕابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە بە پێویستی زانی پڕۆسەی سیاسی چالاكتر بێت و لایەنەكان زیاتر لەیەك نزیك ببنەوە و داواشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە یارمەتیی پڕۆسەی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان بدات.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە گفتوگۆ و ڕێككەوتن كارێكی باشە بەڵام بەو مەرجەی كە ڕێككەوتنەكان بخرێنە واری جێبەجێكردن و كاریان پێ بكرێت و، بۆ دەستپێكیش پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵ هەنگاوی پڕاكتیكی بهاوێژێت و لە شوێنێك دەست بە چارەكردنی كێشەكان و كاراكردنی لیژنەكان بكات. هەروەها سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆیشی ڕاگەیاند كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدات ئەگەر هەموو لایەنەكان ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووبێت كە دەبێ كێشەكان چارەسەر بكرێن.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكان و باری گوزەرانی پەنابەرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و، سەرۆك بارزانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بە كەمترخەم زانی لە یارمەتیدان و بایەخدان بە باری ژیانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان. شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا ئامادەیی وڵاتەكەیان ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و گەیاندنی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە لە بەرانبەر ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كەمترخەم بوونە.




