ئۆجەلان: هیوادارم دەوڵەت قۆناغەكە پەرتەواز نەكات

ئەستەنبۆڵ- َKDP.info/ محەمەد ئۆجەلانی برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی چوارشەممە سەردانی دوورگەی ئێمراڵی كرد و لە گەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلاندا چاوپێكەوتنێكی ساز كرد و رۆژی پێنج شەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی ئەو چاوپێكەوتنەی لە گەڵ پەیامەكانی عەبدوڵلا ئۆجەلانی بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیجلە خەبەر بڵاویكردۆتەوە كە محەمەد ئۆجەلان رایگەیاندووە كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان باسی ئەو قۆناغەی كردووە كە لە لایەن گەلانی ناوچەكە و گەلانی توركیاوە دەست پێكراوە و قۆناغەكەی بە قۆناغێكی گرنگ لە قەڵەم داوە.
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كردووە كە سەبارەت بە پرسی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كوردیش زیاتر لە رۆلی خۆی، رۆلی گێڕاوە و پێویستە قۆناغی چارەسەریش بگاتە ئەنجامی خۆی.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە لایەنی كوردی قۆناغی یەكەمی هەنگاوەکانی چارەسەریی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كردووە و ئێستە پێویستە حكوومەتی توركیاش هەنگاوی ئەرێنی بنێت تا دەست بە قۆناغی دووەمی ئەم هەناگوەکان بكرێت.
ئۆجەلان لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا گوتوویەتی: لە قۆناغی یەكەمدا دەوڵەتی توركیا چەندین داواكاری ئێمەی جێبەجێ نەكرد، بۆیە پێویستە ئەم داواكارییانە جێبەجێ بكرێن و قۆناغی دووەمیش بە باشی دەست پێبكات و هیوادارم دەوڵەت قۆناغی چارەسەری پەرتەواز و بێ ئەنجام نەكات.




