گووگڵ: هێرشە ئینتێرنیەتییەكان لە ئێران زیادیان كردووە

واشینتون- KDP.info/ لە كاتە ساتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ پێشی گرتن لە نانەوەی ئاژاوە و بڵاو بوونەوەی خێرای دەنگوباسی هەڵبژاردنەكان و گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەكانی ناوخۆ بۆ دەرەوە دەستیان بە وەرگرتنی رێوەشوێنی پێویست كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریكا بڵاویكردۆتەوە كە سەرۆكی بەشی ئاسایشی كۆمپانیای گووگڵ ئەریك گروسسە رایگەیاندووە كە لە كاتە ساتی هەڵبژاردنەكانی ئێراندا هێرشە ئینتێرنتییەكانی سەر گووگڵ بۆ بە دەستخستنی حیساب و پرۆفایلی بەكارهێنەرانی روویان لە زیادبوون كردووە.
گروسسە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان وەكو كۆمپانیای گووگڵ هەفتەی رابردوو توانیویانە ژمارەیەكی یەكجار زۆر پۆستی ئەلەكترونیكی پوچەل بكەنەوە كە ویستوویانە لە رێگەی ناردنی پۆستەی زۆرەوە پرۆفایلی بەكارهێنەرە ئێرانییەكان بدزن.




