بزوتنەوەی ئیسلامی:نامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ھەنگاوێکی دڵسۆزانەیە

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ شوان قەلادزەیی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی بەkdp.info راگەیاند: نامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان ھەنگاوێکی دڵسۆزانەیە کە رێزی لە سەرنج و تێبینی ھێزو لایەنە سیاسییەکان گرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان کە مەرجعە و نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات. بۆیە ھەنگاوێکی زۆر ئیجابیە .
شوان قەلادزەیی گوتیشی: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێی باش بووە ئەم پرسە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە . قەلادزەیی رونیشیکردەوە ئەم ھەنگاوە کۆدەنگییەک لە نێوان لایەنەکان دروست دەکات، کە ماوەیەکە دەمەقاڵەی لە سەر دەکرێت و کۆتای پێدێت .
ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە سەرۆکی ھەرێم لە رێگەی نامەیەکی فەرمییەوە تێبینی و پێشنیارەکانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئاراستەی سەرۆکایەتی پارلەمان کردووە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی پارلەمان لە گەڵ نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەریمێ کوردستان دابنیشن و تاوتوێی پێشنیار و تێبینییەکان بکەن بۆ ئەوەی بە کۆدەنگیی تەواوی لایەنەکان لە سەر مەسەلەی پڕۆژەی دەستوور بگەنە ئەنجامێک.




