٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ‌ئیران دەستی پێکرد

سەرچاوە: KDP.info

تاران-  KDP.info/ ئەمرۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران دەستی پێكرد و پتر لە پەنجا ملیۆن هاووڵاتی ئێرانی مافی بەشداری هەڵبژاردنەكەیان هەیە. لەم بارەیەوە میدیا فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هەر لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەنگدەران روویان لە بنكە و وێستگە و ناوەندەكانی هەڵبژاردن كرد و دەنگی خۆیان دا.هەر بە گوێرەی میدیاكانی ئێران، پرۆسەكە بۆ ماوەی دە كاتژمێر بەردەوام دەبێت و پتر لە پەنجا ملیۆن دەنگدەریش مافی بەشداری هەڵبژاردنەكەیان هەیە، بەڵام تا ئێستە یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار كەس ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە تۆمار كردووە، ركابەرانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شەش كاندیدكراوە، كە نیوەی زیاتر كاندیدكراوەكان سەر بە ریفۆرخوازانن. ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران یەكەم بەشداربووی هەڵبژاردنەكە بوو كە لە یەكێك لە ناوەندەكانی دەنگدان دەنگی خۆی دا و دواتریش لە لێدوانێكدا كە كەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بە شێوەیەكی راستەوخۆ پەخشی كرد، هانی هاووڵاتیانی ئێرانی دا كەوا بەشداری هەڵبژاردنەكە بكەن و راشیگەیاند: زۆر گرنگە ئەمرۆ هەموو ئەوانەی مافی بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێرانیان هەیە دەنگی خۆیان لە ناوەندەكانی دەنگدان بدەن. رابەری شۆرشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هاووڵاتیانی ئێران بە گرنگیەوە برواننە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی بزانن كەوا چارەنووسی ئێران لە دەستی ئەوان دایە. شایانی باسە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران بە پێی دەستووری ئەو وڵاتە هەر چوار ساڵ جارێك بە رێوە دەچێت و هەر براوەیەكی هەڵبژاردنەكەش بۆی هەیە بۆ خولێكی دیكەی هەڵبژاردنەكە كاندید بكاتەوە. بە پێی سەرچاوەكانی هەواڵیش رێژەیەكی كەمی هاووڵاتیان بەرەو سندوقەكانی دەنگدان دەچن.

لەلایەن خۆیەوە ئەمەریكا لە گرنگی كاریگەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی كەم كردەو و لە هەمان كاتدا ئەمەریكا هیوای خواست دوا بە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئێران دەست بە وتوێژی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك بكاتەوە. جای كارنی گوتەبێژی كۆشكی سپی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران هەر چۆنێك بێت ئەوە هیچ كاریگەری لە سەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نابێت و گوتیشی: هێشتا واشنتۆن هیوا خوازە لە داهاتوودا و لە ئیدارەی تازەی ئێران دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەست بە سازكردنی وتوێژی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك بكات و گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی ئامادەیی وڵاتانی پێنج كۆیەك بۆ سازكردنی وتوێژی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نیشان دا و رایگەیاند: هەموو كات و ساتێكی وڵاتانی پێنج كۆ یەك ئامادەن وتوێژی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەكی گونجاو بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران ساز بكەن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار