جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لە عەبدولحەمید عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و هیوا قەرەنی قائیمقامی قەزای رانیە كرد
ئەمرۆ پێنچ شەممە 13/6/2013، دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەنووسینگەی خۆی لەپەرلەمان پێشوازی لەبەرێز عەبدولحەمید عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و هیوا قەرەنی قائیمقامی قەزای رانیە كرد.
لەدیدارێكدا كە عومەر نورەدینی و نەژاد عزیز سورمێ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوون، كار و پرۆژەكانی ئیدارەی راپەرین بەتێكرایی و هەروەها ئەو كەموكورتایانەش خرانە روو كە پێویستە بەجیددی هەڵوەستەی لەسەر بكرێ و كار بۆ چارەسەركردنیان بكرێ لەپێناو پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتری خەڵكی دەڤەرەكە.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی بەدیداری شاندەكە نیشان دا و ئەوەی خستە روو دەڤەری راپەرین چ لەرووی مێژووی و شۆرشگێری یاخود پێگە جواگرافیەكەی هەمیشە گرنگ و بایەخی خۆی هەیە و پێویستە بەهەموو شێوەیەك خزمەتی زیاتر پێشكەش بەخەڵكی ناوچەكە بكرێ و بەڵێنی دا لەرێی لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دواداچوون بۆ داواكاریەكەیان بكرێ و لەوەڵامەكەی ئاگەدار بكرێنەوە.




