هاكپار بەشداری كۆنفرانسی دیاربەكر ناكات

دیاربەكر- KDP.info / بریارە لە رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە لە دیاربەكری باكووری كوردستان بە بەشداری ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە پارت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان دووەمین كۆنفرانسی ئاشتی و چارەسەر كردنی پرسی كورد ساز بكرێت.
بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی خەبەری كوردی، رۆژی چوارشەممە سەرۆكی گشتی پارتی هاكپار كەمال بۆرقای لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە كە ئەوان وەكو پارتی هاكپار بەشداری لە كۆنفرانسی ئاشتی و چارەسەر كردنی پرسی كورد كە بریارە لە رۆژانی 15 و 16ی ئەم مانگە لە دیاربەكر ساز بكرێت ناكەن.
بۆرقای ئاماژەی بەوە كردووە كە یەكەمین كۆنفرانس لە ئەنقەڕە ساز كرا و هاكپار بۆ ئەم كۆنفرانسە دەعوەت نەكرا و ئەم كۆنفرانسانەیش لە سەر داواكاری ئوجەلان لە لایەن پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە) و كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (كەجەدە)یەوە ساز دەكرن و هاكپار بەشداری ئەم كۆنفرانسانە ناكات.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە 25 و 26ی مانگی رابردوو یەكەمین كۆنفراسی ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد لە ئەنقەرە ساز كرابوو و بریارە لە 15 و 16ی ئەم مانگەیش دووەمین كۆنفرانس لە دیاربەكر ساز بكرێت.




