نێچیرڤان بارزانی لە دهۆك بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجەی دانا و نەخۆشخانەیەكی چاویشی كردەوە

دهۆك- تایبەت بە KDP.info/ لە دووەمین ڕۆژی سەردانیدا بۆ پارێزگای دهۆك، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2013، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان؛ بە یاوەریی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیران و پارێزگاری دهۆك، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی (100) قەڕەوێڵەییی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە دهۆك دانا كە بڕی (41) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و لە ماوەی (900) ڕۆژدا لە لایەن كۆمپانیای شانیك – دیتاكۆوە جێبەجێ دەكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت بە تەواوبوونی ئەم نەخۆشخانەیه، خزمەتێكی بەرچاو بە كواڵیتییەكی بەرزەوە پێشكەش بە تووشبووانی شێرپەنجە لە ناوچەكە و دەوروبەر بكرێت و ببێتە ناوەندێكی گرنگی پزیشكیی تایبەت بە پێشوازیكردن و مانەوەی تووشبووان بەم نەخۆشییە و پێشكەشكردنی باشترین چاودێری و چارەسەری؛ بە پێی هەمان ئەو نوێترین شێواز و ستاندارتە سەردەمیانەی لە باشترین نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە لە جیهاندا هەن.
دوای ئەوەش سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری؛ بە شێوەیەكی فەرمی نەخۆشخانەی چاوی لە دهۆك كردەوە كە بڕی (10) ملیۆن دۆلاری تێچووە و باشترین و هەرە تازەترین و مۆدێرنترین دامودەزگا و تاقیگە و ئامێرەكانی تایبەت بە پشكنین و چاودێری و چارەسەركردنی چاوی بۆ دابین كراوە.
سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری یەكە یەكە بەشەكانی نەخۆشخانەكەی بەسەر كردەوە و لە هۆڵێكی كۆنفرانسەكانی نەخۆشخانەكە، سەیری ڕاپۆرتێكی ڤیدیۆیی پێناسەیی دەربارەی نەخۆشخانەكە و بەشەكانی كرد و داوای لە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەكە كرد گرنگییەكی تایبەت بە كارگێڕی و بەڕێوەبردن و پاراستنی پاكوخاوێنی و خزمەتی نەخۆش و چاودێریكردنیان بدەن.
ئینجا سەرۆك وەزیران و شاندی یاوەری، بینای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆكی بە شێوەیەكی فەرمی كردەوە كە بە شێوازێكی تازەی مۆدێرن دروست كراوە و بڕی زیاتر لە (5) ملیۆن دۆلاری تێچووە و هەموو بەش و پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە لەخۆ دەگرێت. ئەم بەڕێوەبەرایەتیە سەرپەرشتیی كار و پرۆژەی (45) شارەوانیی سنووری پارێزگای دهۆك دەكات و وەڵامی هەموو پێدویستییەكانی ئەم بوارە لە دهۆك دەداتەوە و كاریگەرییەكی بەرچاوی لە بەڕێوەچوونی باشتری كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین دەبێت.
سەرۆك وەزیران بەشەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەی بەسەر كردەوە و وێڕای پیرۆزباییكردن لە بەڕێوەبەر و كارمەندان و ستافی بەڕێوەبەرایەتیەكە، داكۆكی لەوە كردەوە كە دەبێ گرنگییەكی زۆر بە بەڕێوەبردنی ڕێكوپێك و خێرای كار و مامەڵەكانی هاووڵاتیان بدرێت و هەوڵ بدرێت ڕێژەی ڕۆتین و سستی تا ئەوپەڕی كەم بكرێتەوە، بە شێوەیەك هیچ هاووڵاتییەك ناچار نەبێت بۆ ڕاییكردنی كارێك، یان مامەڵەیەك نۆبەتێكی دوور بگرێت و كاتێكی درێژ، یان ماوەی چەند ڕۆژێك بەدوایدا بچێت و بێزار ببێت، چونكە دواكەوتن و سستی و ڕۆتینی زۆر لە ڕاییكردنی كار و مامەڵەكاندا؛ بێزاری و ناڕەحتیی هاووڵاتیانی لێدەكەوێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئامانجی حكوومەتە كە دەیەوێ ئەوپەڕی خزمەت و ئاسانكاری پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات.
دوای ئەوەش نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە پارێزگای دهۆك لەگەڵ پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی پارێزگای دهۆك كۆ بوونەوه، بۆ تاتوێكردنی كێشە و پێدوایستییەكانی سنووری پارێزگا و لەنزیكەوە گوێگرتن لە داواكاری و دید و بۆچوون و پێشنیاری بەرپرسان لەپێناو چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕییەكان لە سنووری پارێزگاكە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری دهۆك ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی دەربارەی پێداویستی و كێشەكانی بوارە جیاكانی سنووری پارێزگاكە پێشكەش كرد و كۆمەڵێك داواكاری و پێداویستی خستە بەردەم سەرۆك وەزیران بۆ باشتركردنی ڕەوشی سنووری پارێزگاكە لە ڕووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و كارگێڕییەوە.
گرنگیرین ئەو بوارانەی لە ڕاپۆڕتی پارێزگادا هاتبوون؛ بریتی بوون لە دامەزراندنی ژمارەی كارمەندانی پێویست لە بوارەكانی پەروەردە و هێزەكانی ناوخۆ، دروستكردنی چەند ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسێك لەناو شار، چارەسەركردنی كێشەی زەوی و زاری كشتوكاڵی و ئەو زەویانەی لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بەكار دەهێنرێن، كێشەی چەند قوتابخانەیەك كە زیاتر لە دوو دەوامیان تیادا دەكرێت، دابەزاندنی باشتری دەسەڵاتەكان لە وەزارەتەكانەوە بۆ پارێزگا و خوارتر و چەندین داواكاری و پێداویستیی دیكە.
لە وتەیەكدا سەرۆك وەزیران وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی به سەردانی دهۆك و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سنووری پارێزگاكە، ئاماژەی بەوە دا كە لە ماوەی ڕابردوودا كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران لە سلێمانی ئەنجام درا و لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئەنجومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی پارێزگار لە دهۆك ساز دەكرێت بۆ ئەوەی لە نزیكەوە هەموو وەزیرەكان گوێبیستی كێشە كارگێڕییەكان و داوكاری و پێداویستییەكان ببن و هەوڵی دابینكردن و چارەسەركردنیان بدەن.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها بە ناوی خۆی و جێگری سەرۆك وەزیرانەوە دەستخۆشی لە پارێزگار و بەرپرسانی سنووری پارێزگاكە كرد بۆ ئەو كارانەی كە لە دهۆك ئەنجام دراون و ئاماژەی بەوە دا كە كار و خزمەتی زۆر باش كراوە و بەردەوام پێشكەوتن لە دهۆك دەبینرێت. هەروەها گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دروستكردنی بینا و باڵەخانەكاندا هەنگاوی باشی ناوە، بەڵام لە بەڕێوەبردن و كارگێڕیدا پێویستی بە سیستەمێكی كارگێڕیی باشتر، ڕێكوپێكتر، تۆكمەتر، بە دیسپلینتر و كوالیتییەكی بەرزترە. بێجگە لەوە دەبێ گرنگییەكی تەواو بە بیناكردن و پێششخستنی تواناكانی مرۆڤ بدات و ئەو كارمەند و كادیرانە پێبگەیەنێت كە ئەوپەڕی ڕەفتار و مامەڵەی مۆدێرن، شارستانی، سەردەمیانە و پێشكەوتوو لەگەڵ هاووڵاتیاندا بكەن و ئاستێكی بەرزی خزمەت و لەخۆبوردەیی و ڕووخۆشی و نەرمی لە ڕاییكردنی كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا پێشكەش بكەن.
سەرۆك وەزیران هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ گرنگییەكی زۆر بە سیستەمی كارگێڕی بدەین و تا بكرێ وای لێ بكەین كەمترین ڕۆتین لە بەڕێوەچوونی كارەكاندا هەبێت و هاووڵاتیان هەست بەوە بكەن كارەكانیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و خێرا و بێ كێشە و بێ دواكەوتن بەڕێوە دەچن. داكۆكیشی لەوە كردەوە كە "ئەمە ئەركێكی لەپێشی فەرمانگاكانی حكوومەتە". هەروەها ڕایگەیاند ئەوەی بە حكوومەت بكرێت داواكاری و پێداویستیەكانی پارێزگاكە بۆ خزمەتی باشتری هاووڵاتیان و ناوچەكە، جێبەجێ دەكات.
سەرۆك وەزیران هەروەها ستایشی ڕۆڵی جێگری سەرۆك وەزیرانی كرد لە هەوڵی بەردەوامی بۆ بەدواداچوونی كاراكردنی سیاسەت و ستراتیژی حكوومەت لە بواری دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ وەزارەت و پارێزگاكان و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لەو دەسەڵاتانە؛ بەمەبەستی ئاسانكردنی بەڕێوەچوونی كاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان و خزمەتكردنیان.
لای خۆیەوە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیران تیشكی خستە سەر ئەوەی كەمترین كێشە و باشترین خزمەتگوزاری لە دهۆك هەیە و دهۆك شارێكی جوان و مایەی شانازی یە، ئەمەش مایەی ڕێز و دەستخۆشی یە. هەرەوها ڕوونی كردەوە كە لە سنووری پارێزگای دهۆك زەمینەیەكی لەباری گەشتیاری هەیە و داوای لە پارێزگار كرد گرنگییەكی باش بە بواری گەشتیاری و بەرەوپێشردنی ئەم بوارە لە پارێزگاكە بدەن.
جێگری سەرۆك وەزیران سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا كە دەبێ بە هەموو شێوەیەك كار بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بكەن بۆ ئەوەی لە حكوومەت ڕازی بن و هەماهەنگیی باشتر و بەردەوام لە نێوان فەرمانگەكانی حكوومەتدا هەبێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتی باشتر و دووپاتی كردەوە كە مامەڵەی باش لەگەڵ هاووڵاتیان؛ ئەركێكی لەپێشی حكوومەتە.




