بەڵێن عەبدوڵا بۆ KDP.info: سەرۆكی هەرێم پشگیری لە كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێر دەكات و بۆچوونی خەڵكیشلەسەر دەستور گرنگە

دەربارەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە هەولێری پایتەخت و ئەگەری و بەشداری كردنی سەرجەم حزب و لایەنەكانی كوردستان لەو كۆنگرە و دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان و چۆنیەتی قسە كردن لەسەر بەرەوپێش بردنی ئەو پرسە بەڵێن عەبدولڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی KDP.infoوەڵامی سەرجەم ئەو پرسانە دەداتەوە.
KDP.info:بەپێی زانیاری ئێمە لە كۆنگرەی برۆكسل كە سەرجەم حزبە سیاسیەكانی كوردستان بەشدار بوون باسی ئەوە كراوە كە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت ڕاستی ئەو بابەتە چۆنە و چۆن باس كراوە؟
بەڵێن عەبدوڵا: ئێمە لە مێژە لەهەوڵی ئەوەداین كە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بەبەشداری سەرجەم حزبەكوردیەكان و هەرچوار پارچەی كوردستان ببەسترێت بەڵام كۆنگرەیەكی لەو چەشنە پێویستی بە خۆشكردنی زەمینە سازی هەیە بۆئەوەی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی لێدەبچێت ئامانج لەو كۆنگرەش ئەوەیە كە لە چوار چێوەی خاڵێكی ستراتیجی و نیشتیمانی بتوانین بگەیەنە شوێنێك كە ستراتیجیەتێك و بەرنامەیەكی هاوبەشمان هەبێت بۆ ئەو گۆڕانكاریانەی كە هاتۆتە پێشەوە، ئێستاش زەمینەیەكی لەو شێوە هاتۆتە پێشەوە كۆسپ و تەگەرەكان بۆ بەستنی ئەو كۆنگرە لە شاری هەولێر كەمتربۆتەوە بۆیە ئێستا قسە لەسەر ئەوە دەكەین كە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكاریە گەورانەی لە رۆژهەڵات هاتۆتە ئاراوە پێویست دەكات بەو ئەركە نەتەوەییە هەڵسین و زەمینەكەش بقۆزینەوە بۆ بەستنی ئەو كۆنگرە دواجاریش لە 26 مانگی رابردوو لە برۆكسل سەرجەم لایەنەكان جەختیان لە گرنگی بەستنی ئەو كۆنگرە كردۆتەوە.
KDP.info: تاچەند پێتان وایە لایەنەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان پێشوازی لەو بیرۆكەیەدەكەن ئایا هیچ تێبینیەكیان هەبوو.
بەڵێن عەبدوڵا: پەیامی سەرجەم لایەنەكان لە پێشەوە پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پەیامی موراد قەرەیلان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لایەنە سیاسیەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا باكور ئاگامان لێبووە كە ئامادەییان دەربریووە بۆ ئەو كۆنگرە و ئێمە وەكو حزبی زەحمەتكێشان پێمان باش بووە كە نامەیەك ئاراستەی سەرجەم ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی بكرێت بۆئەوەی لێژنەیەك بۆ ئەو كۆنگرە ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی كۆنگرەیەكی لەوشێوە ئەنجام بدرێت.
KDP.info: لایەنەكان قسەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی كردووە بۆ ئەوەی ئەو كۆنگرە ببەسترێت.
بەڵێن عەبدوڵا: بارزانی پەیامێكی ناردبوو داوای كردبوو كە لایەنە سیاسیەكان كە ئەوبابەتە بكەنە ئەجێندای كاری خۆیان بەگرنگیەوە باسی كۆنگرەیەكی لەو شێوەی كردبوو كە ئەوەش دووبارە شەرعیەت دەداتەوە بە ئامادەبوونی مەبدەئی سەرۆكی هەرێم بۆ گرێدانی ئەو كۆنگرەیە.
KDP.info: پێت وایە تەوەرەی خاڵی كۆنگرە لەسەر چی دەبێت و چۆن لایەنەكان بەشداری ئەو كۆنگرەدەكەن .
بەڵێن عەبدوڵا: دەبێت تایبەت مەندی هەرپارچەیەك لەبەر چاوبیگرێت، پێكهاتەی هەرچوار پارچەكە دیاری بكرێت دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسیەكان و دۆزینەوەی ئالیەتی گونجاو بۆ گۆڕانكاریە سیاسیەكان ئەمانە لە خاڵی سەرەكی تەوەرەی گفتوگۆ كان دەبێت.
KDP.info: بۆ بڕیارە لە هەولێر ئەو كۆنگرەیە بكرێت.
بەڵێن عەبدوڵا:هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە و ئەمنیەتێكی باشی هەیە و لەسەر خاكێكی ئازاد كراوی خۆیەتی لەوە دەچێت لە پارچەكانی دیكە ئەو دەرفەتە بەو شێوەیە نەبێت كە بتوانی بەو شێوە فراوانە كۆنگرە ببەستیت، سەرەرای ئەوەش لایەنی تەكنیكی و هونەری كۆنگرە لەوە دەچێت لە هەولێر باشترە بێت.
KDP.info: لەسەر پرۆژەی دەستوری كوردستان بۆچوونتان چۆنە.
بەڵێن عەبدوڵا: لەچوار چێوەی ئەو نامەی بۆ ئێمەی ناردووە وەڵامێكمان داوەتە سەرۆكی هەرێم پێمان وایە مەسەلەی دەستور كێشەیەكە لە نێوان لایەنە سیاسیەكان و دەبێت چارەسەر بكرێت، راستە دەستور رێكارە یاسایەكانی تەواو كردووە و یەكلا كردنەوەی لەلایەن گەلەوە گرنگە بەلام دواجار مادام كێشەیەك هەیە لەسەر دەستور دەبێت لایەنە سیاسیەكان لە دەرەوە پەرلەمان جۆرێك لە ڕێكەوتنی لەسەر بكرێت و هەموولایەك لەسەری كۆك بن و نەكرێتە ململانێك بۆ مەرامی سیاسی كە بەداخەوە زۆر جار وەك ئامرازێكی سیاسی بەكار هاتووە.
كارزان هەورامی




