٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عیماد ئەحمەد بەجیا پێشوازی لەباڵیۆزی ئیسپانیاو جێگری باڵیۆزی كەنەدا لەعێراق كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -  KDP.info/  رۆژی  10/6 لەتەلاری ئەنجومەنی وەزیران عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكان، بەجیا پێشوازیكرد لەباڵیۆزی ئیسپانیاو جێگری باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و سەبارەت بەپەیوەندی سیاسی و دۆخی عێراق و ناوچەكە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.


سەرەتا خوسیە تورپین باڵیۆزی ئیسپانیا لەعیراق باسی لەدەرەنجامی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم كرد بۆ وڵاتەكەی و رایگەیاند كەكاریگەری باشی بۆ پەیوەندی سیاسی و ئابووری نێوان ئیسپانیا و عێراق و هەرێم دەبێت، چونكە لەماوەیەكی دورودرێژدا یەكەم سەردانی رەسمیە كەنێوان هەردولادا ئەنجامدرا و دەرگای بەڕوی پیتەوكردنی ئەو پەیوەندیانەدا كردەوە.


هەروا راشیگەیاند كەوڵاتەكەی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە دەكات كەلەمیانەی سەردانەكەی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ مەدرید تاوتوێكران و جەختی كردەوە كەكار بۆجێبەجێكردنیان دەكرێت، بەتایبەتی كەیسی بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال و كیمیاباران كەئێستا لەلایەن وەزارەتی دەرەوە كاری لەسەر دەكرێت و چاوەرێ دەكرێت لەداهاتودا لەپەرلەمانی ئیسپانیا پەسەند بكرێت، بالیۆزی ئیسپانیا راشیگەیاند: لەكاتی پەسەندكردنی بەحینۆساید ناساندنی ئەنفال و كیمیا باران لەلان پەرلەمانی وڵاتەكەی ، وەفدێكی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران بەرەسمی داوەت دەكرێت.


دواتر عیماد ئەحمەد خۆشحاڵی حكوومەتی هەرێمی بەرامبەر هەوڵی حكومەتی ئیسپانیا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال و كیمیاباران دەربڕی و رایگەیاند كەوەزارتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و نوێنەرایەتی حكومەت لەئیسپانیا راسپێردراون كارئاسانی و  دیكۆمێنتی  پێویست پێشكەش بكەن.


لەكۆتایی دیدارەكەی نێوان جێگری سەرۆكی حكوومەت و باڵیۆزی ئیسپانیادا كەنوێنەری حكوومەتی هەرێم لەمەدرید ئامادەی بوو، باس لەدۆخی سیاسی عیراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانەكانی كرا، سەرەڕای تاوتوێكردنی هەلومەرجی ناوچەكە بەگشتی.


دواتر لەدیداری نێوان سیڤانی دۆهایمی جێگری باڵیۆزی كەنەدا لەبەغدا باس لەگرنگی پەیوەندی نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستان  كرا و هەردولا جەختیان لەپێویستی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندیانە كردەوە، لەوبارەیەوە جێگری سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەكرد كەدەكرێ لەعیراق سود لەئەزموونی فیدرالی كەنەدا وەبگیرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار