مەسرور بارزانی پیشوازیی لە سەفیری فەرەنسی لە عێراق کرد

ئێوارەی ئەمرۆ بەرێز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پیشوازیی لە بەرێزان دێنی گۆیەغ(DenisGauer) سەفیری فەرەنسا لە عێراق و ئالان گوێپخات(AlainGuepratte) کونسولی گشتی فەرەنسا لە هەرێم کرد.
لە دانیشتنێکدا هەردوو لا ویستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە خستە ڕوو. سەفیری فەرەنسی ئاماژەی بەوەدا کە فەرەنسا گرینگی بە پێگەی هەرێم لە دەڤەرەکەدا دەدات وبۆیە دەخوازێت پەیوەندییەکانی لە گەل هەرێمدا بەردەوام پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت و رۆلێکی هاریکار ببێنێت بۆ پێشکەوتنە هەمەلایەنەکانی هەرێمی کوردستان.
|
مەسرور بارزانی: کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێ تایفی و مەزهەبییەکانی ناوچەکە |
هەروەها سەفیری فەرەنسی ئاواتی خواست ناوچەکانی دیکەی عێراقیش لە شێوەی هەرێم ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و ئاماژەی بەوەدا کە سەرکەوتنی هەریم لە بواری سەقامگیرکردنی ئاسایشدا جێگەی دەستخۆشییە و دەبیت ئەم ئەزموونە سەرکەوتووە بۆ ناوچەکانی دیکە بگوازرێتەوە.
لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی رۆلی فەرەنسای لە هاوکێشەکانی ناوچەکە و بە ئاشتیانەچارەسەرکردنی پرسەکان بە گرنگ پێناسە کرد و ئاواتی خواست کۆمەلگای نێودەوڵەتی رۆلێکی کاراتر بگێرن بۆ چارەسەریی گشت کێشەکانی ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە گرژییەکان.
هەر لە پەیوەست بە کێشەکانی ئەم دەڤەرە مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە گرژییەکانی سوریا و وڵاتانی دەورووبەری خەریکە دەکەوێتە قالبی ململانێی مەزهەبی و تایفی و ئەمەش جێگەی مەترسییە، بۆیە کوردستان نابێتە بەشێک لەو ملمنلانێیە و بەڵکو هەوڵی ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانە دەدات. لە کۆتایی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پرسی کورد لەم ناوچەیەدا چیتر نابێت وەک کێشە سەیر بکرێت و بەڵکو کورد فاکتەری سەقامگیرین لە دەڤەرەکەدا.




