سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی 6ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆنی گۆئێغ بالیۆزی فەڕەنسا لە عێراقی فیدڕاڵ و ئاڵان گیپخات كۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا بالیۆزی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و سەرسووڕمانی خۆیشی بۆ جوانی و سرووشتی كوردستان نیشان دا و هەروەها ئاماژەشی بەوە دا كە هەر جار سەردانی كوردستان دەكات گۆڕانكاری و ئاوەدانكردنەوەی بەرچاو و تازە دەبینێت. لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا بالیۆزی فەڕەنسا داوای لە سەرۆك بارزانی كرد باسی بیروبۆچوونی خۆی و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكات.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی بالیۆزی فەڕەنسای كرد و لەبارەی ڕەوشی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دوا و گوتی: "دانیشتن و دیالۆگی نێوان لایەنەكان و گەییشتن بە ڕێككەوتن بابەتێكی باشە بەڵام بە مەرجێك كە هەموو ڕێككەوتنەكان بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە و لەبیر نەكرێن". هەروەها لەبارەی چارەنووسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە باشترین چارەسەر لە دەستووردا دیاری كراوە كە بریتییە لە سێ قۆناغی ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و ڕیفڕاندۆم.
بارودۆخی سووریا و بار و گوزەرانی ئاوارەكانی سووریا تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و سەرۆك بارزانی گلەیی ئەوەی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ئەوڕووپی بە هیچ شێوەیەك یارمەتیی ئاوارەكانی سووریایان لە هەرێمی كوردستان نەداوە. لەو بارەیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا قسەكانی سەرۆك بارزانی پشتڕاست كردەوە و بەڵێنی دا هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانیشی لەوە ئاگادار كردەوە كە حكوومەتی فەڕەنسا بڕیاری داوە یارمەتی بۆ ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان بنێرێت.




