IPSC: هەرێمی کوردستان خاوەنی 45 میلیارد بەرمیل نەوتی یەدەگە

ناوەندی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی (IPSC)لە راپۆرتێکی تایبەت به کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەو ناوچەیە لەڕووی دەوڵەمەندی یەدەگی نەوت لەگەڵ وڵاتی لیبیا بەراورد دەکات.
بەپێی ئەو راپۆڕتە هەرێمی کوردستان خاوەنی 45 میلیارد بەرمیل نەوتی یەدەگە و لە رووی یەدەگی نەوت و غاز لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی لیبیا و کازاخستان یەکسانه.
ئەو رێژە فراوانەی یەدەگی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان وای کردووە کە سەرنجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوتی جیهان بەرەو ئەو هەرێمە رابکێشرێت.
پرسی نەوت و غازی کوردستان لە ساڵی 2006 هاتە ئاراوە، کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان توانی یاسای نەوت و غازی خۆی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان تێبپەڕێنێت. هەولێر لە 2006وە تا ئێستا 57 رێککەوتننامەی دۆزینەوە، دەرهێنان و هەناردەی نەوت و غازی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کردووە.
مانگی رابردوو، کۆنفڕانسی نیودەوڵەتی وزە لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا جگە لە ئامادەبوونی گەورە کۆمپانیاکانی نەوتی جیهان، وەزیری وزەی تورکیاش ئامادە بوو.
لەو کۆنفڕانسەدا راگەیەندرا تا ساڵی داهاتوو بۆرییەکی نەوتی نوێ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا رادەکێشرێت کە لە توانای داهەیە رۆژانە 1 میلیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوردستان بخاتە ناو بۆرییەکانی نەتەوە.
هەر لە میانەی ئەو کۆنفڕانسەدا راگەیەندرا، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 بۆریەکی نەوتی نوێ بۆ تورکیا رادەکێشێت کە لەمەبەدواوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، راستەوخۆ نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا دەگوازێتەوە.
ئەو رێککەوتنەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە، نیگەرانی و مشتومڕێکی زۆری لە بەغدا و ناوچەکە لێکەوتەوە و دەتوانێ نەخشەی سیاسی و ئابووری عێراق و ناوچەکە بگۆڕێت.
هەرێمی کوردستان یەکێکه لە ناوەندەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەو یەدەگە نەوت و غازییە مەزنەی کە هەیەتی دەتوانێت لەسەر سیاسەت و ئابووری ناوچەکە و تەنانەت جیهان کاریگەر بێت.




