دەوڵەت باخچەلی: كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات

ئەنقەرە-KDP.info/هاوكات لەگەڵ بەردەوام بوونی خۆپیشاندانەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵ و چەندین شاری دیكەی توركیا، پارتی داد و گەشە پێدان( ئاكەپە) لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی خۆیدا بریاری ساز كردنی كۆبوونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندانی دەركرد و ئەم بریارەی ئاكەپەیش بوو بە هۆكاری نارەزایەتی پارتە ئوپوزسیونەكانی ئەو وڵاتە.
لەم بارەیەوە بە پێ هەواڵێكی پرێس تورك رۆژی دووشەممە سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستی توركیا دەوڵەت باخچەلی لە كۆبوونەوەیەكی پارتەكەی خۆی لە ئەنقەڕە باسی كۆبوونەوە جەماوەرییەكانی ئاكەپەی كردووە و گوتوویەتی: ئەم كۆبوونەوانە نەتەنیا كێشەكە چارەسەر ناكەن بەڵكو دەبنە هۆكاری ئاڵۆزتر كردنی بارودۆخەكە.
دەوڵەت باخچەلی ئاشكرای كردووە كە سازدانی كۆبوونەوەی جەماوەری لە لایەن ئاكەپەیەوە بە مانای نیشاندانی هێزە و پارت و لایەنەكانی دیكەی توركیایش لە بەرامبەر نیشاندانی هێزدا بێدەنگ نامێنن.
ناوبراو داوای لە حكوومەتی ئاكەپە كردووە كە لە جیاتی ئەوەی دەست بە كۆبوونەوەی جەماوەری و خۆپیشاندان بكات، لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەرەكاندا كۆ ببێتەوە و هەوڵ بۆ جێبەجێ كردنی داواكاری خۆپیشاندەران بكات چوونكە ئەگەر خۆپیشاندانەكان درێژەیان هەبێت ئەوا لە ژێر كونترۆڵدا دەردەچن و توركیا تووشی ژلەژان دەكەن.




