ئەردۆغان تەنیا خەڵك دەتوانێت لێپرسینەوە لە ئێمە بكات

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوەی خۆی بۆ ئەنقەرە وتارێكی پێشكەشی ئەو كەسانە كرد كە بۆ پێشوازی كردنی كۆ ببوونەوە و رایگەیاند كە هیچ گروپ و لایەنێك ناتوانێت لێپرسینەوە لە حكوومەت و پارتی داد و گەشەپێدان بكات و تەنیا خەڵك بۆی هەیە لێپرسینەوە لە حكوومەت و ئاكەپە بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی توركی بڵاویكردەوە، كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوەی خۆی بۆ ئەنقەرە لە گوتارێكدا وەڵامی خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵی داوەتەوە و گوتوویەتی: ئەوانە كە لە مەیدانی تەقسیم دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە، چەند كەس و گروپێكی لاوازن و بە هیچ شێوەیەك ناتوانن و بۆیان نییە داوای لێپرسینەوە لە پارتییەك بكەن كە بە زۆرینەی رەهای خەڵك دەسەڵاتی بە دەستگرتووە.
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی ئەوەی كردووە كە ئاكەپە لە لایەن خەڵكەوە ئەرکی پێسپیردراوە و هەر خەڵكیش بۆی هەیە كە لێپرسینەوە لە حكوومەت و ئاكەپە بكات.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم لە لایەن پارتی كۆماری گەل و پارتی رەگەزپەرەستی توركیاوە كۆكراونەتەوە و عەقڵیەتی ئەم دوو پارتەیش عەقڵیەتێكی خراپ و دواكەوتووە.




