پەرلەمانتارێک: ھاتنی مالیکی بۆ کوردستان ئەوەی سەلماند کە کێشەی شەخسی لە نێوان ئەو سەرۆک بارزانیدا نییە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ د.حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: ھاتنی مالیکی بۆ ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ، ئەوەی سەلماند کە کێشەی شەخسی لە گەڵسەرۆکی ھەرێمی کوردستان نییە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوورکەوتنەوەی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبوو بەھاتنی ئەو نەماو ھەوڵی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەردوو لا دەست پێکردهوە.
د.حەمید باڤی گوتیشی: ھاتنی نوری مالیکی بۆ ھەرێمی کوردستان خاڵێکی ئیجابییە بۆ کورد ، چونکە ئەوە دەسەلمێنێت کە کورد ھەمیشە لە گەڵ ئاشتیدایە و ھیچ کات دەرگای دانوستان داناخات و پێگەی کورد لە ناوچەکەش بەھێزتر دەکات.
باڤی رونیشیکردهوە، ئەم سەردانە نەک تەنھا لە بەرژوەندی کورد دایە، بەڵکو لەبەرژەوەندی ھەموو عێراق دایە، چونکە ئەگەر کێشەکانی لە گەڵ ھەرێم چارەسەر بکات سودی بۆ خودی مالیکی و ھەموو عێراق دەبێت، نەک تەنھا ھەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە ھەولێر سازکرد، دواتر لە گەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کۆبووە.




