کوردانی ئێزدی داوا دەکەن دەستور بخرێتە راپرسی و نەگەرێتەوە بۆ پەرلەمان

شنگال-تایبەت بەKDP.info/ بەپێی ھەواڵێکی ھەفتەنامەی دەنگی لالش، میر تەحسین بەگ میری ئێزدیان دوای پێشوازیکردن لەشاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە ئەلمانیا سەردانیان کردبوو بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: ئێمە وەک کوردانی ئێزدی لە گەڵ ئەوەداین دەستوری ھەرێمی کوردستان بخرێتە بەردەم رای خەڵک و بڕیاری لەسەر بدەن.
میر تەحسین بەگ ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە خەڵک رای خۆی لە بارەی ئەم دەستورە بدات، ئایە ئەم دەستورە باشە یاخود نا، چونکە ئێمە ئەم دەستورە به گرنگ دەزانین.
لەلایەن خۆشیەوە کەریم سلێمان شێوەرمەندی ئەنجوومەنی رۆحانی کوردانی ئێزیدی قسەکانی میر تەحسین بەگی دووپات کردهوە و بۆkdp.infoرایگەیاند: ئێمە وەک کوردانی ئێزیدی لە گەڵ ئەوەداین دەستور بخرێتە راپرسی، لەبەر ئەوەی ھەموو قۆناغە یاساییەکانی بڕیوە و لەکاتی پەسەندکردنیشی نوێنەری ھەموو حزەبەکانی تێدابووە، بۆیە ئێمە پێمانوایە پێویستە بخرێتە راپرسی و نەگەرێتەوە بۆ پەرلەمان.
کەریم سلێمان گوتیشی: ناکرێت ھەندێک حزب خۆی بکاتە نوێنەری خەڵک و نمونەیەکی قسەکانی ئەمرۆی نوری مالیکی ھێنایەوە کە باسی لە وەکرد گۆرینی یەک وشەی دەستوری عێراق پێویستی بە رای خەڵکی عێراقە، بۆیە دەستوری کوردستانیش پێویستە گەلی کوردستان دەنگی لەسەر بدات.
سلێمان راشیگەیاند: لە دەستوری کوردستان مافی ھەموو پێکھاتەکانی تێدایە و تایبەت ئێمە وەک کوردی ئێزدی پێمانوایە ھەموو مافەکانمان لە ناو دەستور جێگیر کراوە.




