برایەتیی نەینەوا: لیستەكەمان سەرۆكایەتی 7 لێژنە وەردەگرێ و هەفتەی داهاتوش جێگری پارێزگەری مووسڵ دیاری دەكەین

دەرمان خەتاری گوتەبێژی لیستی برایەتیی نەینەوا دوێنێ 17/6/2012 رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو كەسێك بۆ پۆستی جێگری دووەمی پارێزگەری مووسڵ دەستنیشان دەكەین، ئاشكرای كرد، ئاڵۆزیی پێوەندییەكانی نێوان عێراقییە و دەوڵەتی یاسا هۆیەك بووە بۆ باشتربوونی پێوەندییەكانی نێوان لیستی حەدبا و برایەتی نەینەوا لە مووسڵ.
گوتەبێژی لیستی برایەتیی نەینەوا راشیگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا قۆناغی گرینگ لە رێككەوتنی نێوان هەردوو لیستی حەدبا و برایەتیی نەینەوا جێبەجێ كراوە كە بەهۆیەوە سەرۆكایەتیی 7 لێژنەی ناو ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ بە ئەندامانی لیستەكمان دراوە.
ئاشكراشی كرد بەپێی رێككەوتنی نێوانمان دەبێ پۆستی جێگری دووەمی پارێزگەری مووسڵ بۆ لیستی برایەتی بێت، بۆ ئەوەیش بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو لیستەكەمان یەكێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكات كە ئەویش لە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام تا ئێستا پێدانی پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگەی مووسڵ یەكلا نەبووەتەوە، ئەو پرسە بڕیارە لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان یەكلا بكرێتەوە.
خەتاری گوتشی، ئێستا پێوەندییەكانی نێوانمان تەواو ئاساییە و بەشێك لە ناوەڕۆكی رێككەوتنی نێوانمان بەر لە گەڕانەوەمان بۆ ناو ئەنجوومەنی پارێزگەی جێبەجێ كراوە، بەڵام خراپبوونی پێوەندییەكانی نێوان تەبایی عێراقییە و لیستی دەوڵەتی یاسا و باش بوونی پێوەندییەكانی نێوان تەبایی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان، هۆێك بووە بۆ باشبوونی پێوەندییەكانی هەردوو لیستی حەدبا و برایەتی نەینەوا.




