سەلاحەدین دەمیرتاش: خۆپیشاندانەكانی توركیا بەرهەمی قۆناغی چارەسەرین

دەرسیم-KDP.info/هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی یەك شەممە لە كۆنگرەی پارتەكەی لە دەرسیم باسی خۆپیشاندانەكانی ئەستەنبۆڵ و چەندین شاری دیكەی توركیا كرد و رایگەیاند كە ئەم خۆپیشاندانانە بەرهەمی قۆناغی چارەسەرین.
لەم با رەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاوی كردەوە كە هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كردووە بێدەنگ كردنی چەكەكان لە توركیا و دەستپێكردنی گفتووگۆكان لە نێوان لایەنی كوردی و حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد لەو وڵاتە، بووەتە هۆكاری رێگە خۆش كردن بۆ دەستپێكردنی جمووجۆڵی دیموكراتیكی خەڵك.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر هەر رۆژ جەنازەی سەربازەكان روانەی شارە جیاجیاكان كرابا و ئەگەر هەر رۆژ لە شارێك تەقینەوەیەك رووی دابا یا ئەگەر لە باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ شەڕ و خوێن رێشتن بەردەوام ببووبایا ئەوا ئەو رۆحەی ئازادی كە لە تەقسیمی ئەستەنبۆڵ و چەند شارێكی دیكەی توركیا خۆی نیشان داوە، بە هیچ شێوەیەك نەیدەتوانی هەبوونی خۆی بسەلمێنێت.




