٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا كۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

دواي نيوەڕۆي ئەمڕۆ پێنج شەممە 19/4/2012 بەڕێز رەجەب تەييب ئەردۆگان سەرۆكوەزيراني كۆماري توركيا لە ئۆفيسي تايبەتي خۆي لە ئەستەنبوڵ پێشوازي كرد لە بەڕێز مسعود بارزاني سەرۆكي هەرێمي كوردستان و شاندي ياوەري.

دواتر لە ديدارێكدا كە زياتر لە دوو كاتژمێري خاياند؛ چەندين تەوەري پەيوەست بە بارودۆخي ئێستاي عێراق بە گشتي خرانە بەرباس و بيروڕا سەبارەت بەو كێشانە ئاڵوگۆڕ كرا كە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەي سياسي لە عێراق. لەلايەكي ديكەشەوە بە دوورودرێژي پەيوەندييەكاني نێوان كوردستان و كۆماري توركيا لەسەر ئاستەكاني ئابووري و بازرگاني و كەلتووريي تاوتوێ‌ كران؛ سەبارەت بەم پرسەش هەردوولا بڕياريان دا كە پەيوەندييەكان زياتر فراوان بكرێن و ئاست و بواري ديكەش بگرنەوە.

تەوەرێكي ديكەي ديداري نێوان سەرۆك بارزاني و سەرۆكوەزيراني توركيا پەيوەست بو بە بارودۆخي ئاڵۆزي سووريا، لەم رووەشەوە هەڵوێستي گەلي كورد لە سووريا و رەوشي ئۆپۆزسيۆني سووريا و دۆخي وڵاتي سووريا بە گشتيي خرانە بەرباس، لە بەرامبەر ئەو پرسەدا سەرۆك بارزاني تەئكيدي كردەوە كە پێويستە گەلي كورد لە سووريا بە مافەكاني خۆي بگات و دان بەو مافانەيدا بنرێ‌، دواتر بيروڕا سەبارەت بە هاوپەيمانيي ئۆپۆزسيۆني سووريا و ئەنجومەني نيشتيماني كورد لە سووريا ئاڵوگۆڕ كرا.

لە بەشێكي ديكەي ديدارەكەدا، باس لە سەردانە فەرمييەكاني سەرۆكي هەرێمي كوردستان بۆ ويلايەتە يەكگرتووەكاني ئەمەريكا و چەندين وڵاتي ئەوروپي و ئەنجامي ئەو سەردانانە كرا.

لە كۆتايي كۆبوونەوەكەشدا؛ هەردوولا بڕيارياندا كە ئەو كۆبوونەوە و پەيوەندييانەي نێوان هەردوولا بەردەوام بن.

شاياني باسە بەڕێزان بەشير ئاتاڵاي جێگري سەرۆكوەزيران و فەرەيدوون سەنەرلي ئۆغڵو جێگري وەزيري دەرەوە لەلايەني توركيا و بەڕێزان مەسروور بارزاني سەرۆكي ئاژانسي پاراستني ئاسايشي هەرێمي كوردستان و فوئاد حوسێن سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتي هەرێم لەلايەني هەرێمي كوردستان ئامادەي كۆبوونەوەكە بوون.